نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بۆ نزیکەی 2729 دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێوەدەکرێت و بازرگانان خۆیان بەدوورگرتووە لە مامەڵەکردن بە زێڕەوە لە قەبارەی گەورەدا.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە بەڕیژەی 0.15٪ دابەزی و بە 2729 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی راپرسییەکان، دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس، بەربژێرانی کۆماری و دیموکراتەکان زۆر لەیەکەوە نزیکن و ئەوەش ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکای ناڕوون کردووە.
ئیدوارد میر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( مارێکس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "گرنگ نییە کێ دەچێتە کۆشکی سپی، نرخی زێڕ هەر دەبێت بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر بڕوات."
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، "هەر دوو بەربژێری کۆماری و دیموکرات، نەک تەنیا ئاستی خەرجییەکانی ئێستای ئەمریکا دەپارێزن، بەڵکو هەوڵیش دەدەن خەرجییەکان زیاتر بکەن."
ئیدوارد میر پێیوایە، "لە کورتخایەندا نرخی زێڕ ناجێگیری بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام لە درێژخایەندا نرخی کانزای زەرد هەر دەبێت بەرزبێتەوە."
بەپێی پێشبینییەکان، نرخی زێڕ تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو دەتوانێت بەرزبێتەوە بۆ نزیکەی سێ هەزار دۆلار.
بازرگانانی زێڕ هەروەها چاویان لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە کە بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدات.
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا هەروەها هەمان رۆژ گوتاری دەبێت و دەکرێ کاریگەریی بەرچاو لەسەر بازاڕی زێڕ بەجێبهێلێت.