نرخی نەوتی برێنت بۆ کەمتر لە 75 دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ سێشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
رۆژی دووشەممە نرخی نەوت زیاتر لە 2٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی دەرکەوت کە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس پلانی خۆی بۆ خستنەڕووی زیاتری نەوت کە بڕیاربوو مانگی 12 جێبەجێبکرێت، دواخستووە بۆ ساڵی داهاتوو.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور، 15 سەنت دابەزی و بە 74 دۆلار و 93 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 14 سەنت دابەزی و بە 71 دۆلار و 33 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بارودۆخی ئێستای بازاڕەکان لە بارودۆخی بێدەنگی و کڕی دوای باهۆز دەچێت."
سایکامۆر دەڵێت، بازرگانانی نەوت چاویان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و کۆبوونەوەی کونگرەی نیشتمانیی گەلە کە بڕیار لە هاندانە ئابوورییەکان دەدات.
هاندانەکانی چین دەتوانێت پاڵپشتیی زیاتر بۆ نرخی نەوت دروستبکات، ئەگەر لە ئاستی چاوەڕوانیی بازرگاناندا بێت.