بەرپرسێکی ئێران: هەناردەکردن لە پەروێزخانەوە 25٪ زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئێران دەڵێت، هەناردەکردن لەڕێگەی دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە لە ماوەی چوار مانگدا بەڕێژەی 25٪ زیادیکردووە.
عەلی ئەسغەر عەباسزادە، سەرپەرشتیاری فەرمانگەی چاودێریی گومرگی لە پارێزگای کرماشان ئەمڕۆ (شەممە، 05-08-2023)رایگەیاند، لە 21ـی ئاداری 2023ـوە تاوەکو 21ـی تەمموزی 2023، بایی 327 ملیۆن و 370 هەزار و 549 دۆلار لە رێگەی دەروازەی سنووری پەروێزخانەوە کاڵایان هەناردەکردووە کە کێشەکەی 872 هەزار و 941 تۆن بووە.
دەروازەی سنووری پەروێزخان دەکەوێتە سنووری ئیدارەی گەرمیان؛ دەروازەکە بۆ هاتووچۆی خەڵک و بازرگانیی نێوان هەردوولا بەکاردێت.
بەگوتەی سەرپەرشتیاری فەرمانگەی چاودێریی گومرگی لە پارێزگای کرماشان، قەبارەی هەناردەکردنی کاڵا لەو چوار مانگەدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو لە رێگەی دەروازەی سنووریی پەراوێزخانەوە بەڕێژەی 25٪ زیادیکردووە.
عەلی ئەسغەر عەباسزادە گوتی، دیارترین ئەو بەرهەم و کاڵایانەی هەناردەکراون، بریتی بوون لە سەوزە، میوە، شیش، بەرهەمی پلاستیکی، کێک و چەندین کاڵای دیکە.
هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی نێودەوڵەتیی لەگەڵ ئێراندا هەیە؛ حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر، باشماخ و پەروێزخان لە پارێزگای سلێمانی؛ هەروەها دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل تەنیا دەروازەی نێودەوڵەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقە لەگەڵ تورکیادا.