گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ: وادەی هاوردەکردنی پەتاتە تاوەکو 30ی نیسان درێژکرایەوە


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، وادەی هاوردەکردنی پەتاتە کە 1ـی ئەم مانگەوە کۆتایی هاتبوو، بەڵام تاوەکو 30ـی نیسان درێژکراوەتەوە. دەشڵێت، وەزارەتی کشتوکاڵ پڕۆژەی رۆژژمێری کشتوکاڵی پێشکێش بە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ ئەوەی پەسندی بکات.
 
باوەڕ ساڵح، بازرگانێکی سەوزە و میوە لە عەلوەی هەولێر بە رادیۆی رووداوی گوت: ساڵانە لە 1-1 تاوەکو 1-4 وەرزی هاوردەکردنی پەتاتەیە، دواتر تاوەکو کۆتایی ساڵ هاوردەکردنی پەتاتە قەدەخە دەکرێت، ئێستا بەهۆی پێنەگەیشتن و کەمیی بەرهەمی نێوخۆیی لە بازاڕدا نرخی پەتاتە گران بووە، بەشێوەیەک کۆتایی مانگی ئادار نرخی کیلۆیەک پەتاتە 400 دینار بووە، ئەمڕۆ گەیشتووەتە نزیکەی 800 دینار.
 
هیوا عه‌لی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لەپێناو پاراستنی بەرهەمی نێوخۆ، بەگوێرەی خشتەیەک هەموو بەروبوومە کشتوکاڵی و پەلەوەرییەکان رێکخراونەتەوە، ساڵانە لە 1ـی نیسانەوە هاوردەکردنی پەتاتە قەدەخە دەکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا بەرهەمی نێوخۆ پێداویستیی نێوخۆ پڕناکاتەوە، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان وادەی هاوردەکردنی پەتاتەی تاوەکو 30ـی نیسان درێژکردەوە.

 

 

هیوا عه‌لی گوتی، وەزارەتی کشتوکاڵ پڕۆژەی رۆژژمێری کشتوکاڵی پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ ئەوەی بەگوێرەی ئەو رۆژژمێرە، هەموو بەروبوومە کشتوکاڵی و پەلەوەرییەکان رێکبخرێنەوە، ساڵانە بەگوێرەی ئەو رۆژژمێرە وادەی هاوردەکردن و قەدەخەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی و پەلەوەری دیاری دەکرێت.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ بەجۆرێکە تاوەکو 30-4-2023 وادەی هاوردەکردنی پەتاتە درێژبکرێتەوە، بڕیارەکەش ئاراستەی هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ و دەروازە سنوورییەکان کراوە.
 
سەبارەت بە نرخی گۆشتی سووریش کە لەسەرەتای مانگی ئادارەوە گران بووە، گەیشتووەتە نزیکەی 22 هەزار دینار و هاوکات گۆشتی مریشکیش گران بووە و ئێستا نزیکەی 4600 دینارە، هیوا عەلی دەڵێت: "بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی گۆشتی سوور و گۆشتی مریشک رێکاری زۆر گیراونەتەبەر لەسەر ئاستی وەزارەتی کشتوکاڵ و ئەنجوومەنی وەزیران بۆ رێگریکردن لە بەزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور و گۆشتی مریشک. حکومەت لە هەوڵدایە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی پەلەوەری لە هەرێمی کوردستان."