ئەگەری ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس نرخی نەوتی دابەزاند

رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بەهۆی ئەگەری ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس، دابەزی و درێژەی دا بە دابەزینەکانی هەفتەی رابردووی خۆی.
 
نرخی نەوتی برێنت دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ئەمڕۆ (دووشەممە، 5-2-2024) لە 78 دۆلارەوە بۆ 77 دۆلار و 55 سەنت دابەزی، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە جێگیری مایەوە و لە نزیک 72 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
دابەزینی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت کە هەوڵی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دەدرێت، سەرەڕای ئەوەی هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکان بۆ پاراستنی دەریای سوور بەردەوامە.
 
هەفتەی رابردوو، هەردوو نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا دابەزینی گەورەیان (بە رێژەی 7٪) تۆمارکرد، بەجۆرێک تەنیا لە رۆژی هەینی، دوایین رۆژی مامەڵەکانی هەفتەی رابردوو، نرخی نەوت بەڕێژەی 2٪ دابەزیبوو.
 
سەرەڕای دابەزینی ئەمڕۆی نرخی نەوت، بەڵام بازرگانان بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن، چونکە هەر چەشنە پەرەسەندنێکی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەکرێت ئاراستەی دابەزینی نرخی نەوت پێچەوانە بکاتەوە.
 
ڤیڤیک زەهر، شرۆڤەکاری بازاڕی کاڵا و کانزاکان سەر بە (بانکی کامن وێڵس)ـی ئوسترالیا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەمریکا خۆی بەدوورگرتووە لە هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر ئێران و، پێمانوایە ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ خاوبوونەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
 
شرۆڤەکارەکەی بانکی کامن وێڵس پێیوایە؛ نرخی نەوت بەردەوام دەبێت لە دابەزین و نرخی نەوتی برێنت لە چەند رۆژی داهاتووشدا بە کەمتر لە 80 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.