نرخی نەوت جێگیرە و بەرمیلێک برێنت بە 73 دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە گۆڕانکارییەکی کەمی بەخۆیەوە بینی. وەبەرهێنەر و بازرگانان چاویان لە کۆبوونەوەی سبەی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەسە کە بڕیار لەسەر قەبارەی خستنەڕووی نەوت دەدات.
لە لایەکی دیکەوە بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا گوشاری لەسەر نرخەکان داناوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 12 سەنت دابەزی و بە 73 دۆلار و 60 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش 13 سەنت دابەزی و بە 69 دۆلار و 91 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی سێشەممە، نرخی نەوتی برێنت گەورەترین بەرزبوونەوەی رۆژانەی بەخۆیەوە بینی و بە رێژەی 2.5٪ بەرزبووەوە، هەر بەرمیلێک گەیشتە بەرزترین ئاستی دوو هەفتەی رابردووی خۆی.
پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا رایگەیاند، هەفتەی رابردوو قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا 1.2 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە.
قەبارەی بەنزینی کۆگاکراویش 4.6 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە.
بەپێی رێککەوتنێکی پێشووی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، دەبێت لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە بەرهەمهێنەرانی نەوت قەبارەی خستنەڕووی نەوت زیادبکەن، بەڵام دابەزینی نرخی نەوت لە چەند مانگ و هەفتەی رابردوودا بە ئەگەری زۆرەوە هاوپەیمانییەکە هان دەدات زیادکردنی ئاستی خستنەڕووی نەوت سێ مانگ دوابخەن بۆ دوای چارەکی یەکی ساڵی داهاتوو.