کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس بەڕێوەدەچێت و پێشبینی دەکرێت خستنەڕووی نەوت بە جێگیری بهێڵنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمرۆ کاژێر 02:00ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر کۆبوونەوەی بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بەڕێوەدەچێت و پێشبینی دەکرێت 23 بەرهەمهێنەری گەورەی نەوتی جیهان ئاستی خستنەڕووی نەوت بە جێگیری بهێڵنەوە.
 
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک بە سەرکردایەتیی سعودیە و بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ئەو رێکخراوەیە بە سەرکردایەتیی رووسیا، ئەوەش لە کاتێکدایە کە گرووپی 7 وڵاتی پیشەسازیی گەورەی جیهان رۆژی هەینی بڕیاریاندا ئاستێکی دیاریکراو بۆ نرخی نەوتی رووسیا دەستنیشان بکەن و بڕیاریان دا رێگە لە فرۆشتنی نەوتی رووسیا بە نرخێکی سەرووی 60 دۆلار نەدەن.
 
هەروەها بڕیاری یەکێتیی ئەوروپا بۆ قەدەخەکردنی کڕینی نەوتی رووسیا لە رۆژی دووشەممەوە دەڕواتە واری جێبەجێکردن. بەپێی شرۆڤەکاران ئەو دوو بڕیارە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئۆپێک پڵەسی ئاڵۆز کردووە.
 
لە وەڵامی بڕیاری وڵاتانی گرووپی حەوت، رووسیا رەتیکردووەتەوە نەوت بەو وڵاتانە بفرۆشێت کە پابەند بە بڕیاری گرووپەکە دەبن.
 
گەورەترین کۆمپانیای خزمەتگوزاریی دارایی و بانکی نەرویج، ناسراو بە DNB، لەوبارەیەوە رایگەیاند، "ناڕوونیی پەیوەست بە خستنەڕووی نەوتی رووسیا زۆرە. لەبەر ناڕوونییەکان بە ئەگەری زۆرەوە ئۆپێک پڵەس ئاستی خستنەڕووی نەوت جێگیر دەکات."
 
کرەیک ئەرلەم، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هەڕەشەی مۆسکۆ لەسەر ئەو وڵاتانەی ئاستێک بۆ نرخی نەوتی ئەو وڵاتە دادەنێن، کێشەیان بۆ دروست دەکات. ئەو وڵاتانە یان دەبێت دەستبەردانی نەوتی رووسیا بن، یان خۆیان لەبەردەم سزاکانی گرووپی حەوتدا ببینن."
 
ئێدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (یونی کرێدێت) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هەرچەندە کۆبوونەوەکە بە شێوازی ڤێرچواڵ بەڕێوەدەچێت، بەڵام کەمکردنەوەی زیاتری خستنەڕووی نەوت هێشتا یەکێکە لە ئەگەرەکان."
 
نرخی نەوتی برێنت و نەوتی سووکی تەکساس لە مانگی 10وە کە دوایین کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس بەڕێوەچوو، تاوەکو ئێستا بەهۆی کەمبوونەوەی خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت بە رێژەی 6% دابەزیوە.
 
ئیدواردۆ کامپانێلا، شرۆڤەکارێکی دیکەی نەوتی سەر بە کۆمپانیای (یۆنی کرێدێت) پێیوایە، "ئەگەری هەیە رووسیا بۆ تۆڵەسەندنەوە لە گرووپی حەوت دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت و داوای کەمکردنەوەی زیاتری ئاستی خستنەڕووی نەوت بکات."
 
رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا نرخی نەوتی برێنت بە نزیکەی 85 دۆلار و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە نزیکەی 80 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.