مەترسییەكانی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان لەسەر سەرچاوە ئابوورییەكان لە عێراق

رووداو-

ئامارە فەرمییەكان ئاماژە بەوەدەكەن رێژەی گەشەی دانیشتووانی عێراق ساڵانە 3.2% تۆماردەكات، لە كاتێكدا رێژەی هەژاریی و بێكاریی و كەمیی خزمەتگوزاری لە بەرزبوونەوەدایە، ئەمە سەرەڕای پاشەكشەی كەرتی ئابووری و تەنیا پشتبەستن بە نەوت.

 مونتەها عەبدولكەریم، ئابووریناس دەڵێ "داتەپینی پیشەسازی عێراق و بەرزبوونەوەی تێكڕای بێكاریی، كۆمەڵگەی عێراقی كردووەتە بەكاربەر، نەك بەرهەمهێنەر، بۆیە زیادبوونی ژمارەی دانیشتو‌وان و خراپبوونی رەوشی خزمەتگوزاری، خزمەت بە كۆمەڵگە ناكات".

ئیراهیم بەحر ئەلعلوم، وەزیری پێشووی نەوتی عێراق پێوایە دەبێ حكومەت پلانێكی ئابووری بەهێزی هەبێ، نابێت تەنیا پشت بە نەوت ببەستێ، بەڵكو پێویستە بەرهەمی كەرتەكانی ئابووری پەرە پێبدات، بۆ ئەوەی بەرهەمی گشتی وڵات بەرزبێتەوە، ئەگەر نا رەنگە كارەساتێكی گەورە دووچاری ئابووری وڵات ببێتەوە.

ناهیدە داینی، ئەندامی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات، كە عێراق سەرچاوەی زۆری سەرزەوی و ژێر زەوی هەیە، بەڵام میكانزمێكی تەندروست نییە بۆ بووژانەوەی رەوشی ئابووری وڵات و دەڵێ: "سنووداركردنی رێژەی لە دایكبوون لەكاتی ئێستادا پێویست نییە، چونكە ژمارەی دانیشتو‌وان 50 ملیۆنی تێنەپەڕاندووە، ئەوەش هەڕەشەی لەسەر سەرچاوە ئابوورییەكانی وڵات دروستنەكردووە".

باسم جەمیل ئەنتوان، پسپۆری ئابووری داوا لە حكومەت دەكات بەپەلە سەرژمێریی دانیشتو‌وان ئەنجامبدات و نەكەوێتە ژێرباری ناكۆكییە سیاسییەكان. ناوبراو دەڵێ  "حكومەت ناتوانێ پرۆسەی بو‌وژانەوەی ئابووری بەرپا بكات، بەبێ  نەبوونی ئامار و ژمارەی دروست".

 چاوەڕوان دەكرێ لە كۆتایی ئەمساڵدا ژمارەی دانیشتو‌وانی عێراق بگاتە 35 ملیۆن، بۆیە پێویستە سیاسەتی دانیشتو‌وان بگونجێ لەگەڵ گەشەی ئابووریی وڵات بۆ ئەوەی دەرفەتی كار و لەناوبردنی هەژاری بڕەخسێنێ.

فالح جبوری، بەڕێوەبەری بەشی هونەری كەرتی تایبەت لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایدەگەیەنێت، كە بەڵگەنامەی نیشتەجێبوون كە وەزارەتەكەیان سەرقاڵی ئامادەكردنییەتی، بەدواداچوون بۆ سەرجەم لایەنە ئابوورییەكان دەكات و كاری دانیشتو‌وان و  تێكڕای سەرچاوە ئابوورییەكان رێكدەخات.

 وڵاتانی جیهانی هەوڵدەدەن رێژەی گەشەی دانیشتو‌وان بە گوێرەی سەرچاوە ئابوورییەكان و توانا گونجاوەكان رێكبخەن، تاوەكو زیادەی دانیشتو‌وان كاریگەریی لەسەر سەرچاوە ئابوورییەكان دروست نەكات.

مەهدی عەلاق، بریكاری وەزیری پلاندانانی عێراق دەڵێ ئەو بەڵگەنامەیە دانیشتو‌وان رێكدەخات و رەوشی تەندروستی و فێركردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری شایستە فەراهەم دەكات. ناوبراو داوا لە سەرجەم وەزارەتەكانیش  دەكات پشت بە پلانی ئەو بەڵگەنامە و ستراتیژییەكەی ببەستن.