شەڕی بازرگانی و دابەزاندنی سوودی بانكی نرخی زێڕیان بەرزكردەوە

لەگەڵ خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی جیهان لە ماوەی سێ‌ مانگی رابردوودا، نرخی زێڕ بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە. لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە تاوەكو 26ی ئاب نرخی یەك ئۆنسە زێڕ توانی لە 1280 دۆلارەوە بۆ 1544 بەرز ببێتەوە، بەمشێوەیەش نرخی یەك كیلۆ زێڕ لە 40,960 دۆلارەوە بۆ 49,408 دۆلار بەرزبووەوە.

بۆ ئەوەی لە ئاراستەی داهاتووی نرخی زێڕ تێبگەین، دەبێت لە نهێنی ئەو دوو فاكتەرە سەرەكییە تێبگەین كە نرخی زێڕیان بەرزكردەوە، ئەوانیش:

یەكەم: شەڕی بازرگانیی نێوان ئەمریكا و چین.

هەفتەی رابردوو واشنتن بە بەهای 550 ملیار دۆلار پێناسی گومرگی بەسەر هاوردەكردنی كاڵا لە چینەوە سەپاند، ئەمە لەكاتێكدا بوو چەند كاژێرێك بەر لە بڕیارەكەی واشنتن، پەكین بە بەهای 75 ملیار دۆلار پێناسی گومرگی بەسەر هاوردەكردنی كاڵا لە ئەمریكاوە سەپاند.

 پەرەسەندنی شەڕی بازرگانیی نێوان هەردوو زەبەلاحترین ئابووریی جیهان كاریگەری نەرێنی لەسەر لاوازبوونی گەشەی ئابووری دروست دەكات، ئەمەش كاریگەری لەسەر سێكتەرەكانی ئابووری دەبێت و دابەزینی بازاڕی پشكەكانی لێدەكەوێتەوە، لەهەمانكاتدا دەبێتە هۆكاری كەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت و زیادبوونی خواست لەسەر زێڕ.

پەرەسەندنی شەڕی بازرگانی بووەتە هۆكاری ئەوەی بانكە ناوەندییەكان و بانكی فیدراڵی ئەمریكا ناچار بكات پلان بۆ دابەزاندنی سوودی بانكی دابنێن كە بە فاكتەری دووەم دادەنرێت بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ. چونكە بە دابەزاندنی سوودی بانكی بەهای دراوی وڵات دادەبەزێت، ئەمەش پاڵپشتی كەرتی هەناردەكاری دەكات و وڵاتان دەتوانن بە نرخێكی هەرزانتر كاڵاكانیان هەناردە بكەن .

گۆڕینی ئاراستەی سیاسەتی نەختی لەلایەن بانكی فیدراڵی ئەمریكاوە بووە هۆكاری ئەوەی كە هەریەكە لە بانكی ناوەندی ئوسترالیا و نیوزیلەنداش سوودی بانكی دابەزێنن، بۆ ئەوەی ئابووریی وڵاتەكانیان لە داكشان بپارێزن.

لە ماوەی رابردوودا بانكی فیدراڵی بەبڕی 25 خاڵی سەرەكی سوودی بانكی دابەزاند، ئەمەش دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكای تووڕە كرد. ترەمپ داوا دەكات بانكی فیدراڵی بەڕێژەی 1٪ سوودی بانكی دابەزێنێ، بۆ ئەوەی لە رێگەی دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریكی بتوانێت شەڕی بازرگانی لەگەڵ چین بكات و لەهەمانكاتدا كورتهێنانی بودجە كەمبكاتەوە و خەرجییە سەربازییەكان زیاد بكات.

لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا شەڕی بازرگانیی نێوان چین و ئەمریكا پێی نایە قۆناغێكی نوێوە، ئەمەش ترسێكی زۆری لە بازاڕە داراییەكاندا دروستكرد. یەك بەرمیل نەوتی خاوی تێكساس بۆ 52.96 دۆلار دابەزی و نرخی یەك ئۆنسە زێڕیش بۆ 1554 دۆلار بەرزبووەوە.

ترەمپ داوای لە كۆمپانیا ئەمریكییەكان كرد كۆتایی بە كارەكانیان لەگەڵ چین بهێنن، بەڵام هەر یەك رۆژ دوای داواكارییەكەی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند كە لایەنی چینی داوای گەڕانەوەی كردووە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، ئەمەش بەرزبوونەوەی نرخی زێڕی لە 1554 دۆلاردا راگرت.

لەلایەكی دیكەوە بەرزبوونەوەی داهاتی سەر قەواڵەكانی ئەمریكا بە یەكێك لەو ئاماژانە دادەنرێت كە گوزارشت لە مەترسییەكی زۆر دەكات و ئەگەری هەیە رووبەڕووی ئابووریی جیهان بێتەوە.

ئەم چارتەی خوارەوە پێمان دەڵێت كە خواستی وەبەرهێنان لەسەر قەواڵەكانی ئەمریكا (تەمەن 10 ساڵ) زیاترە لەو قەواڵانەی كە تەمەنیان 2 ساڵە، ئەمەش گوزارشت لەو مەترسیانە دەكات كە ئەگەری هەیە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا رووبەڕووی ئابووریی جیهان ببێتەوە، هەر بۆیە وەبەرهێنەران دەیانەوێت لەسەر ئاستی درێژخایەن وەبەرهێنان بكەن نەك كورتخایەن.
  
كێرڤی قەواڵەكانی گەنجینەی ئەمریكا

شارەزایانی ئابووری پێیانوایە كە پێچەوانەبوونەوەی داهاتی سەر قەواڵە داراییەكانی ئەمریكا گوزارشت لە روودانی داكشان دەكات لە ئابووریدا، ئەمەش بووەتە هۆكارێكی سەرەكی كە بەشێك لە بازرگانان و وەبەرهێنەران سەرمایەكانیان لەو ئاسپاردانەی داهاتێكی بەرزیان هەیە، بگۆڕنەوە بەو ئاسپاردانەی كە تایبەتمەندی سەلامەتی لە خۆدەگرن وەك زێڕ و یەنی ژاپۆنی و فرەنكی سویسری و قەواڵە داراییەكانی ئەمریكا.

لەلایەكی دیكەوە بەشێك لە شارەزایانی بازاڕە داراییەكان پێیانوایە لە ماوەیەكەوە بۆ ماوەیەكی دیكە، رەوشی بازاڕی زێڕ گۆڕانی بەسەردا دێت، پەرەسەندنی شەڕی بازرگانی و دابەزاندنی سوودی بانكی لەلایەن بانكە ناوەندی و فیدراڵییەكانەوە ئێستا بووەتە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، بەڵام ئەگەریش هەیە لەگەڵ هێمنبوونەوەی رەوشی شەڕی بازرگانی، هەروەها دانوستاندن لە نێوان چین و ئەمریكا، نرخی زێڕ جارێكی دیكە بۆ خوار ئاستەكانی 1500 دۆلار دابەزێتەوە، چونكە هێشتا خستنەڕوویەكی زۆری زێڕ لە بازاڕدا هەیە، ئەمە جگە لە بازاڕی رەشی ئەم كانزایە كە پەرەسەندنێكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.

بەپێی دوایین راپۆرتی ئاژانسی رۆیتەرز سەبارەت بە بازاڕی زێڕ، ساڵانە بە بەهای ملیاران دۆلار زێڕ لە زامبیا و غانا و تەنزانیاوە بە قاچاخ دەبرێتە ئیمارات و لەوێشەوە هەناردەی بازاڕەكانی ئەوروپا دەكرێت، بەم شێوەیەش هیچ باجێك لەسەر ئەو زێڕە وەرناگیرێت كە لە ئەفریقاوە بە قاچاخ دەبرێتە ئیمارات.

بۆیە لەلایەن دەستەكانی چاودێری داراییەوە گومان لەسەر ئەو بڕە زێڕە دروستبووە كە لە ئەفریقاوە هەناردەی ئیمارات دەكرێت، ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی لەماوەی رابردوودا چەند كۆمپانیایەكی بواری دەرهێنان و چاككردنی زێڕ مامەڵە لەگەڵ ئیمارات رەتبكەنەوە، بەمشێوەیەش زۆربوونی خستنەڕووی زێڕ لە بازاڕی رەشدا كاریگەری لەسەر دابەزینی نرخەكەی دەبێت لە داهاتوودا.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی راپۆرتێكی سندووقی (سپایدەر گۆڵد) كە خاوەنی زۆرترین پشكی زێڕە لەجیهاندا، بەرزبوونەوەی بەهای دراوی ئەلیكترۆنی بیتكۆین، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ سنووردار دەكات.

ئەگەرچی دراوی ئەلیكترۆنی بیتكۆین توانی ببێتە جێگرەوەی دراوی كاغەزی لە هەریەكە لە وڵاتانی ڤەنزوێلا و زیمبابوێ، بەڵام لە وڵاتانی پێشكەوتووی وەك ئەمریكا و ژاپۆن و كۆریا یاسای بۆ دەردەكرێت و هەوڵ دەدرێت تێكەڵاوی سیستمی دارایی وڵاتەكانیانی بكەن بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یاسا و بەشێوەیەكی رێكخراو و تەواو سەلامەت بازرگانان بتوانن مامەڵەی پێوە بكەن، ئەم هەنگاوانەش لە كۆتاییدا دەبێتە هۆكاری سنوورداربوونی بەرزبوونەوەی بەهای دراوە ئەلیكترۆنییەكان و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.

لەماوەی رابردوودا زۆربەی ئەندامانی پەرلەمانی رۆمانیا دەنگیان بەوەدا كە دەبێت ئەو 61 تۆن زێڕەی رۆمانیا لە ئینگلتەرا هەڵیگرتووە، بگەڕێتەوە نێو رۆمانیا بۆ ئەوەی ئینگلتەرا بەكاری نەهێنێ بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی. هەروەها بانكی ناوەندی ئەوروپا ترسی لە ئیتاڵیا هەیە ئەو زێڕەی كە وەك یەدەگ هەیەتی، بەكاری بهێنێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خۆی. 
ئەمە جگە لەوەی بانكی ناوەندیی هیندوستان (RBI) هەمان سیاسەتی بانكی ناوەندیی چین و رووسیا پەیڕەو دەكات لە كڕینی زێڕدا. بانكی ناوەندیی هیندوستان پلانی هەیە لەمساڵدا 1.5 ملیۆن ئۆنسە زێڕ بكڕێت كە دەكاتە 746.7 تۆن .

بەپێی ئامارەكانی سندوقی نەختی نێودەوڵەتیش، بانكی میللیی چین هاوشێوەی رووسیا كڕینی زێڕی لە مانگی دیسەمبەری رابردووەوە زیاد كردووە.

لەلایەكی دیكەوە چاكسازی لە هەیكەلی ئابووریی هیندستان و چین، خواست لەسەر زێڕ زیاد دەكات. بەوپێیەی كە ئەو دوو وڵاتە 70٪ی خواستی جیهان لەسەر زێڕ پێكدەهێنن.

سەبارەت بە نرخی زێڕ لە قۆناغی داهاتوودا، پێشبینی دەكرێت لەئەگەری بەردەوامبوونی شەڕی بازرگانی نێوان ئەمریكا و چین و بەردەوامبوونی دابەزاندنی سوودی بانكی لەلایەن بانكی فیدراڵی ئەمریكاوە، ئەوا نرخی زێڕ بەردەوامبێت لە بەرزبوونەوە و بگاتە ئاستەكانی 1600 دۆلار، پاشان 1700 دۆلا بۆ هەر ئۆنسێك.

بەڵام لە حاڵەتی راگرتنی شەڕی بازرگانی، ئەوا نرخی زێڕ لە قۆناغی داهاتوو لە نێوان ئاستەكانی 1470 دۆلار بۆ 1550 دۆلار بۆ هەر ئۆنسێك جێگیر دەبێت.

* شارەزای بازاڕە داراییەكان لە كۆمپانیای  Varinfx