مەسرور بارزانی بۆ رووداو: رێککەوتنەکەمان لەگەڵ بەغدا دەبێتە بنەمایەک بۆ یاسای نەوت و گاز

رووداو دیجیتاڵ 

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند "ئەم رێککەوتنە کاتییە و بنەماکانی لە بودجە و یاسای نەوت و گاز رەنگ دەدەنەوە." 
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی سەنگەر عەبدولرەحمان، نێردراوی رووداو لە بەغدا گوتی، "سوود لەم رێککەوتنە وەردەگرین بۆ یاسای نەوت و گاز. بنەماکانی ئەم رێککەوتنە لە بودجە و یاسای نەوت و گاز رەنگ دەدەنەوە." 
 
سەرۆکی حکومەت کە ئەمڕۆ (سێشەممە، 4-4-2023) بە سەرۆکایەتی شاندێک چووە بەغدا بەمەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنەکە. مەسرور بارزانی لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "نییەتی ئێمە رێککەوتن بووە. بە هەوڵی بەڕێز سوودانی ئەم رێککەوتنە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت و دەبێتە دەستپێکی هاوئاهەنگی زیاتر لەنێوان هەردوولا." 
 
سەبارەت بە گرنگیی رێککەوتنەکەش، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە لەوەی "ئەم رێککەوتنە گرنگە بۆ هەموو خەڵکی عێراق و دەبێتە بنەمایەک بۆ بودجە و یاسای نەوت و گاز." 
 
دەقی گوتە و پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان 
 
مەسرور بارزانی: ئەم رێککەوتنە بۆ هەموو خەڵکی عێراق گرنگە. دەستخۆشی و سوپاسی جەنابت دەکەم و پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئەم رێککەوتنە گرنگە کە پێموایە دەتوانێت ببێت بە بنەمایەک بۆ بودجە و تەنانەت یاسای نەوت و گاز، ئەگەر بە شێوەیەکی رێکوپێک جێبەجێ بکرێت و وەکو بناخەیەک بەکاربێت.
 
دوای وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیان تەنیا بە خەڵکی هەرێمی کوردستان نەکەوتووە، بەڵکو ئەم زیانە بە هەموو خەڵکی عێراق کەوتووە، ئێستا ئەو میکانیزمە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێتە داهاتێکی زیاتر بۆ هەموو عێراق و هەموومان دەتوانین تێیدا سوودمەندبین.
 
دەمەوێ هەموو لایەک دڵنیا بکەمەوە کە نییەتی ئێمە لە سەرەتاوە بۆ ئەوە بووە بگەینە رێککەتنێکی باش لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبێ ئەوەی ئێمە بەهیچ شێوەیەک واز لە هیچ مافێکی دەستووری خۆمان بهێنین، بەڵکو ئەم رێککەوتنە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانە لەسەر بنەمای دەستوور و ئەو یاسا بەرکارانەی کە هەن. 
 
دەمەوێ سوپاسی سەرۆک بارزانی بکەم بۆ ئەو متمانە و پشتیوانییەی کە بەردەوام بە ئێمەی هەبووە و هەروەها سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەم بۆ پشتیوانی بەردەوامیان لەم پرۆسەیە و سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانەش بکەم کە دەورێکی ئەرێنی و کاریگەریان هەبووە لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیە.
 
سوپاسی شاندی حکومەتی فیدراڵی دەکەم بۆ پشتیوانیان و بۆ رێککەوتن لەگەڵ شاندی ئێمە و هەروەها سوپاسی شاندی هەرێمی کوردستانیش دەکەم کە لەو ماوەیەدا بە شێوەیەکی زۆر چڕ توانیان ئەم گفتوگۆیانە بگەیێنن بە ئەنجام، کە خێری هەموو خەڵکی عێراقی تێدابێت. جارێکی دیکە دەستخۆشی لە جەنابی سەرۆکوەزیران دەکەم کە بەڕاستی وەکو سەرۆکوەزیرانی هەموو عێراق کە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقی بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەبەرچاو گرتووە و لەژێر چاودێری بەڕێزیان ئەم رێککەوتنە کراوە. هیوادارم و دڵنیاشم کە سوودی بۆ هەموو خەڵکی عێراق دەبێت.
 
رووداو: ئەم رێککەوتنەی ئەمڕۆ کاتییە تاوەکو یاسای نەوت و گاز لە عێراق دەردەچێت، یان رێککەوتنێکی درێژخایەن دەبێت؟ 
 
مەسرور بارزانی: بەڵێ، ئەم رێککەوتنە کاتی دەبێت، بەڵام هەموو بنەماکانی رێککەوتنەکە دیسان لە بودجە و یاسای نەوت و گازیشدا رەنگ دەداتەوە، لەبەرئەوە جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە بە شێوەیەکی رێکوپێک، پێموایە دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرین لە داڕشتنەوەی یاسای نەوت و گاز.
 
پرسیار: ئایا ئەمجارەیان رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت یاخود وەک رێککەوتنەکانی پێشووی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا پشتگوێ دەخرێت؟ 
 
ئەمجارەیان دڵنیام بەهۆی بوونی جەنابی سەرۆکوەزیران ئەم رێککەوتنە جێبەجێ دەکرێت و هیوادارم ئەو تیمانەی رادەسپێردرێن بۆ چارەسەرکردنی بابەتە هونەرییەکانی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە، پەلە بکەن لە تەواوکردنی ئەم پرۆسەیە بۆ ئەوەی چیدیکە خەڵکی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە زەرەرمەند نەبێت. بوونی جەنابیان و ئەو پابەندییەی هەموو لایەکمان پێشانی دەدەین، هیوادارم گەرەنتی ئەوەبێت کە ئەم رێککەوتنە وەکو خۆی بتوانێت جێبەجێبکرێت و دڵنیاشم کە ئەمە دەبێتە دەستپێکێکی باشتر بۆ ئەو هەموو هاوکاری و کارکردنە پێکەوەییانە.
 
وەکو جەنابی سەرۆکوەزیرانیش باسیکرد با چیتر باسی کێشە نەکەین، بەڵکو باسی ئەو دەرفەتانە بکەین کە لە داهاتوودا لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەن، ئێمە دەتوانین ئەوە وەکو قۆناخێک، وەکو دەستپێکێک بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی زیاتری هەردوولا کە لە بەرژەوەندی هەموو لایەک لە هەموو خەڵکی عێراقدابێت، دەستپێبکەین و پشت بەخوا سەرکەوتنیش بۆ خەڵکی عێراق دەبێت.