نرخی بیتکۆین 66 هەزار دۆلاری تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
نرخی بیتکۆین بەردەوامە لە شکاندنی ژمارە پێوانەییەکان و ئەمڕۆش ئاستی 66 هەزار دۆلاری شکاند. بەوەش تەنیا 3 هەزار دۆلار لە بەرزترین ئاستی نرخەکەی لە مێژوودا، دوورە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 04-03-2024، نرخی بیتکۆین زیاتر لە 3 هەزار و 400 دۆلار بەرزبووەوە و هەر بیتکۆینێک بە 66 هەزار و 250 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی بیتکۆینە لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2021ـەوە.
تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی هەر بیتکۆینێک زیاتر لە 50٪، یاخود 25 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.
زیادبوونی هاتنی بیتکۆین بۆ نێو بۆرسەی ئەمریکا، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەیەتی، کە خواست لەسەری زیادی کردووە.
رۆژی 11ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، لیژنەی ئاڵوگۆڕی کاڵای فیدراڵیی ئەمریکا بڕیاریدا داواکاریی 13 کۆمپانیای دراوە دیجیتاڵییەکان بۆ مامەڵەکردن بە بیتکۆین لە بۆرسەکانی ئەو وڵاتە پەسند بکات.
مارکۆس سێیلێن، سەرۆکی بەشی توێژینەوە لە دامەزراوەی 10x کە تایبەتە بە شرۆڤەی دراوە دیجیتاڵییەکان دەڵێت، هاتنی بیتکۆین بۆ نێو بۆرسە بەردەوامە، چونکە وەبەرهێنەران لەسەر ئەو بڕوایەن، کە نرخەکەی بەرزتر دەبێتەوە.
بەپێی ئاماری LSEG کە کۆمپانیایەکی تایبەتە بە خزمەتگوزاریی دارایی، لە یەک هەفتەدا و تاوەکو 1ـی ئەم مانگە، بە بەهای 2 ملیار و 170 ملیۆن دۆلار مامەڵە بە بیتکۆین لە بۆرسەکانی ئەمریکا کراوە.
نیوەی ئەو پارەیە مامەڵەکردن بووە بە بیتکۆین لە سەکۆی بیتکۆینی تایبەتی کۆمپانیای بلاکڕۆک.
ئەمە لەکاتێکدا دێت کە بلاکڕۆک، گەورە کۆمپانیای ئەمریکیی بواری سەرمایە و بازرگانی، پێشنیازی کردووە 28٪ـی سەرمایە و وەبەرهێنانەکانی بۆ بیتکۆین تەرخانبکات.
مانگی تشرینی دووەمی 2021، نرخی هەر بیتکۆینێک گەیشتە زیاتر لە 69 هەزار دۆلار، ئەمەش بەرزترین ئاستی نرخی بیتکۆینە لە مێژوودا.
برێنت دۆنێلی، بەڕێوەبەر لە کۆمپانیای شرۆڤەکاریی Spectra Markets دەڵێت، "گەڕاوینەتەوە سەردەمی بازاڕی 2021 کە نرخی هەموو دراوەکان بەرزدەبنەوە و هەمووان چێژ دەبینن".
هەرچەندە بەشێک لە ناوەندەکان هۆشداری لە دابەزینی بیتکۆین بەهۆی خۆڕاستکردنەوەوە دەدەن، کە بەهۆی هەڵگرتنەوەی قازانج لەلایەن وەبەرهێنەران و کەمبوونەوەی هێزی کڕینەوە روودەدات، بەڵام بەشێکی دیکە بەدووری نابینن لە کاتێکی ئەمساڵدا، نرخی بیتکۆین بەرزترین ئاستی مێژووش تۆماربکات.