قایمقامی هەڵەبجە: سبەی لە سەنتەری پارێزگا نەوت دابەش دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی ناوەندی هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، رۆژی یەکشەممە دەستدەکەن بە دابەشکردنی نەوت بەسەر دانیشووانی سەنتەری شارەکە، دوای ئەوەی کە دابەشکردنی نەوت بەسەر ناحیەکان کۆتایی پێهات.
 
نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "چەند رۆژی رابردوو کۆتاییمان هێنا بە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت بەسەر قەزا و ناحیەکانی هەڵەبجە کە بەهۆی ئەوەی ناوچەی سارد و شاخاوین، زووتر لەوێ پرۆسەکەمان دەستپێکرد، بەهۆی ئەوەی لە هەڵەبجە عەمبارمان نییە، تانکەرەکانمان ناردووەتە سلێمانی بۆ هێنانی ئەو بەشە نەوتەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە دابین کراوە."
 
قایمقامی هەڵەبجە دەڵێت، رۆژی یەکشەممە، 5ـی شوباتی 2023، دەستدەکەن بە دابەشکردنی نەوت بەسەر دانیشتووانی سەنتەری شار بە نرخی 105 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک.
 
بەگوتەی قایمقامی هەڵەبجە، پێشتر داوایان کردووە کە تایبەتمەندییەک بدرێت بە پارێزگاکەیان و سەنتەری شاریش وەکو ناوچەی شاخاوی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت بەهۆی ئەوەی پلەکانی گەرما لە هەڵەبجە نزمە و بەراورد بە ناوچەکانی دیکە ساردترە، بەڵام داواکارییەکەیان پشتگوێ خراوە.
 
نوخشە ناسیح باس لەوە دەکات، بۆ دابەشکردنی نەوت بەسەر تەواوی پارێزگاکەدا پێویستیان بە شەش ملیۆن لیتر نەوت هەیە کە پێشتر سێ ملیۆن لیتریان بەدەست گەیشتووە و بەسەر ناوچە شاخاوییەکان دابەشیان کردووە، ئەگەر نەوتی تەواویان بۆ دابین بکرێت دەتوانن لە ماوەی هەفتەیەکدا کۆتایی بە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت بهێنن.
 
لەبارەی هاتنی ئەو سێ ملیۆن لیتر نەوتەی ماوەتەوە لەلایەن حکومەتی عێراق، نوخشە ناسیح دەڵێت، "ئەگەر بەو شێوازەی ئێستا نەوتمان بۆ بێت و پڕۆسەکە پەکی نەکەوێت لەلایەن حکومەتی عێڕاقەوە، پێشبینی دەکەین لە ماوەی 10 رۆژدا هەموو نەوتەکەمان پێبگات و ئێمەش هەر لەو ماوەیەدا بەسەر دانیشتووانی سەنتەری شاردا دابەشی دەکەین".