قایمقامی هەولێر: نان و سەموون گران نەبوون و چاودێریی چڕ لەسەر نانەواخانەکانە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، بەشێک لە نانەواخانەکان گلەیی دەکەن کە نرخی ئارد و غاز گرانبووە، دەڵێن، بەوشێوەیە بڕوات ناتوانن کار بکەن، قایمقامی هەولێریش بە رووداوی گوت، کۆبوونەوە لەسەر ئەو پرسە دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو، هاوکات "نرخی نان و سەموون گران نەبووە و چاودێریی چڕ لەسەر نانەواخانەکانە".
نانەوایەک لە هەولێر لەسەر "زیادبوونی" نرخی نان و سەموون قسەی بۆ رووداو کرد، ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر نرخی نانیش بەرزبکەنەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، نرخی ئارد و غازە. ئەو گوتی، هەتا عەلاگەش کە نانی تێدا هەڵدەگیرێت، گرانبووە.
ئەو نانەوایە دەڵێت، یەک فەردە ئارد 10 هەزار دینار گرانبووە. فەردەیەک عەلاگەش لە 24 هەزارەوە بۆ سەروو 30 هەزار دینار بەرزبووەتەوە. بۆ چارەسەری ئەو گرانییە، ئەو نانەوایە گوتی "کەمێک" کێشی گونکەکانیان کەمکردووەتەوە. بۆ هەر نانێک 10 گرام کەمکراوەتەوە. "چونکە ئەگەر وانەکەین، دەبێت دووکانەکەمان دابخەین".
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر لە بووڵتەنی هەواڵەکانی نیوڕۆژ لە رووداو لەسەر ئەو پرسە ئاماژەی بەوە کرد، "بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزیوە و بەهۆیەوە زۆربەی کاڵا و شمەکەکان بەرزبووەتەوە، بەڵام نان هەستیارە و چاودێرییەکی چڕ لەسەر نانەواخانەکانە".
قایمقامی هەولێر ئەوەشی گوت، نانەواخانەکان داوایانکردووە نان گران بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا داواکەیان پەسندنەکراوە، چونکە پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە هەیە.
بڕیارە رۆژی سێشەممە 5-1-2021 کۆبوونەوەی قایمقامیەتی هەولێر لەگەڵ ئەنجوومەنی نانەواخانە و فڕنەکان بەڕێوەبچێت، قایمقامی هەولێر بە رووداوی گوت، "دەبێت لەگەڵ بەرژەوەندیی خەڵک، بەرژەوەندیی نانەواخانەکان و کاسبکارانیش بپارێزین".
قایمقامی هەولێر رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا نرخ لە هیچ فڕن و نانەواخانەیەک بەرزنەکراوەتەوە"، شەهیان تەحسین، پێشکێشکاری بووڵتەنی نیوڕۆژ لە نەبەز عەبدولحەمیدی پرسی، کەمکردنەوەی کێشی گونکی نانەکان چۆن چارەسەر دەکەن؟ ئەو وەڵامی دایەوە "دەبێت کێشەکانیان چارەسەر بکەین و نابێت کارێک بکرێت نانەوا و فڕنەکان دابخرێن و قەیرانی نان دروستبێت".
قایمقامی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ چاودێریی بازرگانی تیمەکانی قایمقامیەت سەردانی شوێنەکان دەکەن، ئەو نانەوایەی بەبێ رێنماییەکان نرخ بەرزبکاتەوە یان کێشی گونکەکان کەمبکاتەوە، "سزا دەدرێت".
لە ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیارە سبەی سێشەممە بەڕێوەبچێت، بڕیاری نوێ لەبارەی نرخی نان و سەموون دەدرێت.
پرسی "گرانبوونی" نرخی نان و سەموون لە سلێمانیش هەیە، حاجی عوسمان، نوێنەری نانەواخانەکانی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ ژووری بازرگانیی کۆبووەتەوە و پێکهاتین لەسەر ئەوەی کێشی گونکی نان لە 120 گرامەوە بکرێت بە 100 گرام".
حاجی عوسمان باسی لەوەشکرد، هۆکارەکەی گرانبوونی ئارد و بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکانی دیکەیە. "نرخی ئارد جاران بە 26 هەزار و ئێستا تاوەکو 33 هەزار دەچێت. کارتۆنێک خومرە بە 52 هەزار بوو و ئێستا بە 62 هەزارە".
بە گوتەی حاجی عوسمان، نانەواخانەکەی لە هەفتەیەکدا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئارد، 350 هەزار دینار زیانی بەرکەوتووە. لەبارەی کێشی گونکەوە، دەڵێت، قایمقامی سلێمانی، خۆی لەگەڵیان بووە کە کێشی گونکیان کردووە بە 110 گرام، بەڵام هێشتا زیانیان بەرکەوتووە. بۆیە بڕیاریان داوە لەگەڵ ژووری بازرگانی بیکەن بە 100 گرام.