بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار نرخی نەوت و زێڕی دابەزاند


رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ پێنجشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە دابەزی، بەڵام نیگەرانی لە پچڕان لە خستنەڕووی نەوت دابەزینەکەی سنووردارکرد. هاوکات نرخی زێڕیش بەراورد بە رۆژی رابردوو دابەزیوە.
 
هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3-11-2022، 44 سەنت دابەزی و بە 95 دۆلار و 72 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 59 سەنت دابەزی و بە 89 دۆلار و 41 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ چوارەمین جار سوودی بانکی بە رێژەی 0.75 بەرزکردەوە. بەرزکردنەوەی سوودی بانکی کە ئێستا لە ئاستەکانی 3.75٪ تاوەکو 4٪ـە، بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و بەو هۆیەشەوە نرخی کاڵاو کانزاکان دابەزین.
 
رۆژی چوارشەممە سەرەڕای بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، بەڵام نرخی نەوت یەک دۆلار بەرزبووەوە و هۆکارەکەیشی بۆ کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی یەدەککراوی ئەمریکا دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهێزبوونەوەی بەهای دۆلار لە دوای راگەیاندنی سوودی بانکی رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کرد.
 
لەلایەکی دیکەشەوە لە رۆژی 5ـی مانگی داهاتووەوە وڵاتانی ئەوروپی بڕیاری خۆیان سەبارەت بە قەدەخەکردنی هاوردەکردنی نەوتی رووسیا جێبەجێدەکەن و بەو هۆیەشەوە نیگەرانی لە پچڕانی خستنەڕووی نەوت سەریهەڵداوە.
 
نرخی زێڕ دابەزی
 
هەرچەندە نرخی زێڕ لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا کەمێک بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەڵام بەراورد بە رۆژی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە کە لە کۆتاییەکانی رۆژەکەدا تاوەکو 1668 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزببووەوە.
 
بەهۆی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، نرخی دۆلار بەرزبووەوە و زێڕ دابەزی، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ نرخی دۆلار کەمێک گۆڕانکاری بەسەرداهات وەکو خۆڕاستکردنەوە، نرخی زێڕیش بە رێژەی 0.2٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی. ئێستا هەر ئۆنسەیەک بە 1638 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. 
 
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە دوای راگەیاندنی سوودی بانکی ئاماژەی بەوەدا کە رەنگە لە یەک یان دوو کۆبوونەوەی داهاتووی بانکەکە بڕیار لەسەر خاوکردنەوەی سوودی بانکی بدەن و ئەوەش کاریگەری داناوە لەسەر هەستی بازرگانان و وەبەرهێنان بەوەی کە رەنگە سیاسەتی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بەمزووانە کۆتایی پێبێت.
 
هاوکات راستەوخۆ دوای بڕیارەکە نرخی زێڕ تاوەکو ئاستی 1630 دابەزیبوو.
 
بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی کڕینی زێڕ گران بووەستێت و بەو هۆیەشەوە خواست بۆ وەبەرهێنان لە کانزای زەرد کەمدەبێتەوە.
 
نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان: 
 
100 دۆلار بەرامبەرە بە 146 هەزار و 625 دیناری عێراقی
 
یۆرۆ - دۆلار 0.988 EUR/USD
 
پاوەند - دۆلار 1.14 GBP/USD
 
دۆلار - لیرە 18.63 USD/TRY
 
یەک دۆلار - ریاڵ (تمەن) 34 هەزار و 720 تمەن USD/IRR
 
یەک دۆلاری ئەمریکی: 61.83 روبڵی رووسی