بڕیاری 219ـی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ نەهێشتنی لێکەوتەکانی دوو زۆنی دارایی
یەکەم: سەرەتای دوو زۆنی دارایی:
لە ساڵی 2006 کە هەردوو ئیدارەی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی و هەولێر یەکیان گرتەوە و کابینەی پێنجەمی یەکگرتووی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێ پێکهات، بەڵام وەزارەتەکانی (دارایی و ئابووری) و (ناوخۆ) و (پێشمەرگە) و (داد) هەر بە دوو ئیدارەیی مانەوە لە کابینەکە.
هەرچەندە لە کابینەی شەشەم و کابینەکانی دواتردا، وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری دارایی و ئابووری هەڵوەشایەوە و بوو بە یەک وەزارەتی دارایی و ئابووری و کاک شێخ باییز تاڵەبانی (یادی پڕ خێر بێ) بوو بە وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە واقیعدا لێکەوت و کاریگەریی دوو دارایی بەردەوام بوو، بەتایبەتیش دابەشکاریی بودجە لەسەر بنەمای رێژەی 43٪ و 57٪، کە ئەم رێژەکارییەش لە بنچینەدا دەگەڕێتەوە بۆ بەرنامەی (نەوت بەرامبەر خۆراک)ـی پێش ساڵی 2003، بە جۆرێک تەنانەت لە ساڵانی 2006 تاوەکو 2014 کە مانگانە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە رێکی لە بەغداوە دەهات، لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە هەر بەو دوو رێژەیە بەسەر دوو زۆنی ئیدارەی پێشووی سلێمانی و هەولێر دابەش دەکرا، ئەمە سەرەڕای جیاوازی لە رێنوێنی و پرۆسە و رێکارە داراییەکانی کۆکردنەوەی داهات و بڕ و رێژەکان لە هەردوو زۆنەکەدا.
دووەم: بڕیاری 219ـی ئەنجوومەنی وەزیران:
ئەنجوومەنی وەزیرانی کابینەی نۆیەم لە کۆبوونەوەی ژمارە (110) لە رۆژی 24-5-2023 و بە بڕیاری ژمارە (219) لە هەنگاوێکی گرنگدا بە کۆدەنگی بەڕێزان سەرۆک و جێگر و ئەندامەکانی، بڕیاری دا بە سەرلەنوێ رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە لێکەوتەکانی دابەشکاریی دوو دارایی، کە لە 2006ـەوە بۆ 17 ساڵە کاریگەرییەکانی بەردەوام بوو.
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە 10 بڕگە و 10 لاپەڕە پێکهاتووە، وردەکاریی و میکانیزمی وردی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی لە خۆگرتووە و لە رۆژنامەی (وەقایعی کوردستان) بڵاودەکرێتەوە.
بڕیارەکە دابەش بووە بەسەر بڕگەکانی (بنەما سەرەکییەکان، بۆردی باڵای جێبەجێکردن، داهات، گومرگ، دەروازە سنوورییەکان، باج، رسوومات، خەرجی، سیولە، گەنجینەکان، بانکەکان و پڕکردنەوەی کورتهێنان).
سێیەم: یەک سەبەتەی دارایی:
لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، کە بۆ لەمەودوا داهات و خەرجییەکان بە ناوەندی دەکرێن و رێنوێنی و رێکارە داراییەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان یەکدەخرێن و بە یەک رێنوێنی و رێکار و پرۆسەی یەکگرتوو لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان داهاتی گشتی کۆدەکرێتەوە. داهاتەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەبێ رەچاوکردنی شوێنی جوگرافی سەرچاوەی داهاتەکە، بەبێ هیچ لێبڕین و گلدانەوە و (استقطاع)ـێک دەچێتە ناو یەک سەبەتەی دارایی و یەک حیسابی بانکی لە وەزارەتی دارایی و هەموو حیسابە بانکییە لاوەکییەکانیش، کە سەرچاوەکانی داهاتیان تێدا دادەنرێن، لە هەر پارێزگا و ئیدارەیەک بن بە سیستمێکی ئەلیکترۆنی پێکەوە گرێ دەدرێن و راستەوخۆ دەبەسترێنەوە بە وەزارەتی دارایی و ئابووری.
چوارەم: پێشینە (ئەولەویەت) بە مووچە و پەیڕەوکردنی ژمارەی دانیشتووان لە بودجەی بەکارخستن و پڕۆژەکان
بەگوێرەی بڕیارەکە وەزارەتی دارایی و ئابووری پابەند کراوە لە رۆژی 24-5-2023ـوە ئەولەویەت لە خەرجییەکان بۆ مووچە بێت، واتە لەو داهاتەی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە، دەبێت یەکەم شت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لێ بدرێت و مووچەخۆرەکە لە هەر پارێزگا و ئیدارەیەک بێت، ئەوەی دەمێنێتەوە لە دوای مووچە بۆ خەرجی بەکارخستن و پڕۆژەکان خەرج دەکرێت، ئەویش لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان نەک رێژەکاریی دوو زۆنی.
پێنجەم: یەکخستنەوەی رێنوێنییە داراییەکان و پرۆسە و رێکاریی داهاتەکان و هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونی نایاسایی باج و گومرگ:
لە بڕیارەکەدا ئاماژە دراوە بە هەڵوەشاندنەوەی هەر لێخۆشبوونێکی نایاسایی لە پێدانی باج و گومرگ و رسومات، هەروەها هەڵسەنگاندنی بەرپرسەکانی گومرگ و دەروازە سنوورییەکان و ئۆفیسەکانی باج و رسومات لەسەر بنەمای لێهاتوویی و دڵسۆزی.
شەشەم: یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان:
بەڵام لە هەموو ئەمانەش گرنگتر و کاریگەرتر بۆ کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بە دوو دارایی لە هەرێمی کوردستان، هەروەک لەناو هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمیشدا هاتووە بەرجەستەکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانە لەنێو یاسای بودجەی هەرێمی کوردستاندا، کە بەهۆی تەواوبوونی ئەرکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەستەمە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان هەبێت، کە لە دوای 2013ـەوە ئەوە بۆ 10 ساڵە یاسای بودجە لە هەرێمی کوردستان نییە، بەهۆی ئەو ئاڵنگارییە سیاسی و داراییانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەوە.
گرنگی یاسای بودجە لەوەدایە، تێیدا هەم داهات و خەرجییەکان بە ناوەندی دەکرێن و هەم بە شێوازێکی هاوسەنگ و دادپەروەرانە و شایستەبوون لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان داهاتەکان دابەش بکرێن، شێوازی پڕکردنەوەی کورتهێنان دیاردەبێت و تەواوی داهات و خەرجی و قەرز و پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان بە ژمارە و داتای پێویست لە خشتەکانی بودجەی هەرێمی کوردستان دەخرێنەڕوو، هەتاوەکو هەم شەفافیەت بەرپابێت لە داهاتەکان و دادپەروەرییش لە دابەشکردنی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان روون بێت بۆ هەموو لایەک و، داهاتەکان بخرێنە یەک سەبەتە و ئەوکات دەسەڵاتەکانی خەرجییش بە پێوەری گونجاو رێکبخرێنەوە، بە ئاراستەی یەک دارایی و یەک ئیدارەیی.
حەوتەم: لە کۆتاییدا، عیبرەت لە جێبەجێکردنە:
لەنێو ئەم کەشە ناسەقامگیرە سیاسییەی ئێستای هەرێمی کوردستان، ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستاندا. ئەوەش لەبیر نەکەین کە عیبرەت لە جێبەجێکردنە، وەک ئیمامی عومەری کوڕی خەتاب لە وەسیەتی بۆ ئەبوموسای ئەشعەری فەرمویەتی (فإنه لا ينفع تكلُّمٌ بحقٍّ لا نفاذ له)، بڕیارەکان چەند رێکوپێک بن لە داڕشتن و دانانی میکانیزم، لەکۆتاییدا گرنگە خەڵک لەسەر ئەرزی واقیع ئەنجامەکانی ببینێت.
هەر بەم ئاڕاستەیەش بۆ زەمانەتی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارە، بۆردێکی تایبەت بە سەرۆکایەتی بەڕێز سەرۆکوەزیران و جێگرایەتی بەڕێز جێگری سەرۆکوەزیران و ئەندامیێتی بەڕێزان وەزیرە پەیوەندیدارەکان دروست کراوە، ئەم بۆردە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانی پێدراوە بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی بڕگەکانی بڕیارەکە و لابردنی هەر ئاستەنگێک کە دێتەپێش لەم بارەیەوە. بۆردەکە هەر زوو کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و رێکار و میکانیزمی پێویستیش بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دانرا، یەکەم ئەنجامی بڕیارەکەش لە دابەشکردنی مووچەی مانگی 5ـی ساڵی 2023 رەنگی دایەوە و سەرجەم مووچەخۆران لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەیەکەوە لە پێش جەژنی پیرۆزی قوربان مووچەیان پێدرا.