یەکێتیی وەبەرهێنەران: کڕینی خانوو لەلایەن عەرەبەوە لە هەرێمی کوردستان 90 % کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیایەکی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە دەڵێت، عێراق بە پێدانی پارەی پێشینە، ناچارکردنی گەڕانەوەی مووچەخۆرانیان لە هەرێمی کوردستانەوە، هەروەها داخستنی بەشێکی قوتابخانە عەرەبییەکان، هاووڵاتییانی عەرەبی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە.
گوتەبێژی وەبەرهێنەران دەڵێت "کڕینی خانووبەرە لەلایەن هاووڵاتییانی عەرەبەوە نزیکەی 90% کەمبووەتەوە و وەبەرهێنەرانیش لێرەوە دەچنە پارێزگاکانی دیکەی عێراق."
چەند ساڵی رابردوو ساڵانی زێڕین بوون بۆ کەرتی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان. پێچەوانەی ساڵانی پێشوو کە هاووڵاتییانی عەرەب لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دەهاتن و بە کۆ یەکەی نیشتەجێبوونیان دەکڕی و بازرگانییان پێوە دەکردن، ئێستا ئەوە نەماوە؛ هاووڵاتییانی عەرەب بە هۆکاری جیا دەگەڕێنەوە پارێزگاکانی خۆیان.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو کە لەگەڵ 36 نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و شوقە کە سەر بە کۆمپانیای عەقاراتی باخی شەقڵاوەن کردوویەتی، ئێستا بازرگانیی "کۆ" بە شوقە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن بازرگانانی عەرەبەوە "گەیشتووەتە سفر."
دروستکردنی شوقە و خانوو لە هەرێمی کوردستان
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لە دەستەی وەبەرهێنان بە رووداو دراون، لە رێگەی وەبەرهێنانەوە لە ساڵی 2006ـەوە نزیکەی 214 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دروستکراون کە زیاتر لە 105 هەزار شوقە، زیاتر لە 92 هەزار خانوو و نزیکەی 17 هەزار ڤێلا بوون.
زۆرترین یەکەی نیشتەجێبوون لە هەولێر دروستکراون کە زیاتر لە 111 هەزارن؛ هەروەها لە سلێمانی زیاتر لە 53 هەزار؛ لە دهۆک زیاتر لە 26 هەزار، لە هەڵەبجە 336 یەکەی نیشتەجێبوون، هەروەها لە ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە 9 هەزار یەکە؛ ئیدارەی سۆران زیاتر لە هەزار یەکە، ئیدارەی زاخۆ زیاتر لە 7 هەزار و لە ئیدارەی راپەڕینیش زیاتر لە دوو هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروستکراون.
هەر لەو ماوەیەدا زۆرترین ڤێلا لە هەولێر دروستکراون کە 10 هەزار و 751 ڤێلان؛ لە سلێمانی سێ هەزار و 599 ڤێلا و لە دهۆک 595 ڤێلا دروستکراون؛ لە هەڵەبجەش هیچ ڤێلایەک دروستنەکراوە.
"وەبەرهێنەران لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە عێراق"
لەگەڵ لاوازبوونی بازاڕی خانووبەرە، وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان روو لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکەن.
ئەمڕۆ (دووشەممە 03ـی حوزەیرانی 2024)، مەلا یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئێستا زۆرینەی پڕۆژەی پارێزگاکانی عێراق بەدەست وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن."
مەلا یاسین ئاماژەی بەوەش کرد، چوونی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی دیکەی عێراق لە 2014ـەوە سەری هەڵداوە، بەڵام ئێستا بووەتە دیاردە؛ گوتیشی "لە هەرێمی کوردستان بەهۆی کەمبوونەوەی نەختینە و نەمانی پێشینەی خانووبەرە، سندووقی نیشتەجێبوون، پێشینەکانی هاوسەرگیری، پیشەسازی و گەشتیاری، پڕۆژەکان تاوەکو ئەندازەی باش بەهای خۆیان لەدەستداوە."
گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی هەرێمی باسی لە دۆخی بازاڕی خانووبەرە کرد و گوتی "سست و لاوازە و هۆکاریش زۆرن؛ دوو ساڵە بەردەوام خواستی هاووڵاتییانی عەرەب لەسەر خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان کەم دەبێتەوە، ئێستا گەیشتووە ئەوەی لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک 80 بۆ 90%ـی کڕینی خانووبەرە لەلایەن هاووڵاتییانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق لە هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە."
لەبارەی هۆکارەکانەوە مەلا یاسین گوتی "حکومەتی عێراق پارە بۆ کەرتی خانووبەرە دەدات، هاووڵاتیی عێراقیش ناچار نییە بێتە هەرێمی کوردستان خانوو بکڕێت و هیچ پێشینەکەی پێ نەدرێت، لەکاتێکدا لە عێراق 150 ملیۆن دیناری پێ بدرێت. هەروەها جاران بۆ هەلی کار دەهاتن، ئێستا هەلی کار لە بەغدا و شارەکانی دیکە زۆر بووە و خەڵکیش کار و ژیانی لە کوێ بو روو دەکاتە ئەوێ".
گوتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی "وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2006ـەوە تاوەکو 2013 زیاتر لە 40 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان کرد، ئێستا هەر ئەو وەبەرهێنەرانە رۆڵێکی باڵا لە پڕۆژەکانی عێراق دەگێڕن.
وەبەرهێنەرە کوردەکان لە عێراقدا ئێستا لە بەدەستهێنانی پڕۆژەدا لە پلەی یەکەم دێن. نەوەکو خانووبەرە، لە سێکتەری پێشەسازیشدا هەرێمی کوردستان رۆڵی باڵای هەیە لە عێراق و وەبەرهێنەرە کوردەکان زۆرترین کارەبا لە عێراقدا بەرهەم دەهێنن.
پلانی حکومەتی عێراق بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی لە هەرێمی کوردستان
ساڵانی رابردوو زۆرینەی ئەو کەسانەی بازرگانییان لە کەرتی خانووبەرەدا دەکرد هاووڵاتیی عەرەب بوون. رەنج حەمەد، پارێزەری کۆمپانیای باخی شەقڵاوە ئەمڕۆ بە رووداوی گوت "ئێستا خەڵک یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خۆی دەکڕێت یان بە کرێی دەدات، ئەمەش جیایە لە رابردوو کە خەڵکی زۆر بۆ وەبەرهێنان دەیانکڕی؛ ئەوەش جووڵەی بازاڕی زۆر بەهێز کردبوو، بەڵام ئێستا ئەو بازرگانییە نەماوە."
ئێستا جیاواز لە رابردوو، حکومەتی عێراق هانی گەڕانەوەی هاووڵاتی عەرەبی نێوەڕاست و خوارووی عێراق لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی خۆیان دەدات. لەو چوارچێوەیەدا ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان دەژیان و دەوامیان لە پارێزگاکانی عێراق بوو "دەوامی کەمیان" دەکرد، ئێستا داوایان لێ دەکرێت دەوامی تەواو بکەن.
بە گوێرەی پارێزەرەکەی کۆمپانیای باخی شەقڵاوە بۆ رووداو، بەشێکی ئەو هاووڵاتییە عەرەبانەی مووچەیان لە عێراق بووە و دەوامیان لە هەرێمی کوردستان کردووە، ئێستا حکومەتی عێراق دەوامەکەی گواستوونەتەوە بۆ پارێزگاکانی خۆیان و پێی گوتوون، "دۆخی ئەمنیی ئاسایی بووەتەوە و دەبێت بچنەوە شارەکانی خۆتان."
هەروەها بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو، ئەو قوتابخانانەی بە زمانی عەرەبی لە هەرێمی کوردستان هەبوون بە رێژەیەکی "بەرچاو" کەمیان کردووە، ئەمەش هۆکار و ئاماژەن بۆ جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لەلایەن عەرەبی پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە.
لەگەڵ گەڕانەوەی هاووڵاتیانی عەرەبیشدا، هێشتا ئەوانەی بەتایبەت شوقە دەکڕن لە هەرێمی کوردستان زۆرینە عەرەبن. پارێزەرەکەی کۆمپانیای باخی شەقڵاوە دەڵێت "لە یەکێک لە نووسینگەکانمان لە هەولێر لە چەند رۆژی رابردوودا لە 11 گرێبەستی کڕینی شوقە، 9 گرێبەستیان هاووڵاتی عەرەب بوون و دووانەکەی دیکە کورد بوون."
بەگوێرەی کارگێڕیی کۆمپانیا عەقاراتەکە بۆ رووداو، هۆکارێکی دیکەی لاوازبوونی بازرگانی و دابەزینی نرخی فرۆشتن و کرێی شوقە لە هەرێمی کورستان نوێنەکردنەوەی ئیقامەی هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان و سووریایە. هەروەها راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی بەشێکی زۆری کارمەندەکانیان، بەشێکی دیکەی هۆکارەکانن.
کورد خانووی دەوێت و عەرەب شوقە
پارێزەر رەنج حەمەد دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان خەڵکی کڕیاری خانوو زیاتر کوردن و هاووڵاتی عەرەب زیاتر خواستیان لەسەر شوقە هەیە، ئەویش بە تاک، ئەگەر نا کڕینی شوقە بۆ بازرگانیی جیا لە رابردوو بوو، ئێستا نەماوە.
لە هەرێمی کوردستان شوقەیەک نرخەکەی بە هەشت هەزار دۆلار بکڕدرێت بەگوێرەی شوێنەکەی تاوەکو 500 دۆلار کرێ دەکات، بەڵام خانوویەک بە هەمان پارە بکڕیت 250 دۆلار کرێ دەکات، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی بۆ کرێ خەڵک زیاتر روو لە کڕینی شوقە بکەن.
پارێزەری ئەو کۆمپانیایەی عەقارات گوتی، ئەوەی گورزی کوشندەی لە کەرتی عەقارات داوە، تەواونەکردنی پڕۆژەکانە.
بەگوێرەی ئاماری دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، لە ساڵی 2006ـەوە تاوەکو کۆتایی 2023، 202 مۆڵەتی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ دروستکردنی شوقە، خانوو و ڤێلا دراون؛ لە هەولێر 102 مۆڵەت، سلێمانی 46 مۆڵەت، دهۆک 35 مۆڵەت، هەڵەبجە یەک مۆڵەت، ئیدارەی راپەڕین 5 مۆڵەت، ئیدارەی زاخۆ چوار مۆڵەت، ئیدارەی گەرمیان 8 مۆڵەت و ئیدارەی سۆران دوو مۆڵەت.
هەر بەگوێرەی دەستەی وەبەرهێنان، تەنیا سەرمایەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوودا 19 ملیار دۆلار بووە.