وەزیری نەوتی عێراق: لە دوو هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێکدەکەوین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى نەوتى عێراق دەڵێت، رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتی کوردستان قۆناخى کۆتایی ماوە کە تایبەتە بە هەژمارى دارایی داهاتى نەوتە هەناردەکراوەکەى هەرێمى کوردستان و گوتیشى، "لە دوو هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێکدەکەوین".
3ـی ئایارى 2023، حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتى عێراق لە دیداری عێراق بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە بەغدا رایگەیاند، ئێستا ئەوەى ماوە بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان، قۆناخى کۆتایی رێککەوتنەکەیە کە تایبەتە بە چۆنیێتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هەژمارە داراییەى بۆ پارەى داهاتى نەوت دادەنرێت و گوتیشى، "هیوادارین لە چەند رۆژى داهاتوودا رێککەوتن لەبارەیەوە بکرێت".
لە 25ـی ئادارى رابردووەوە هەناردەى نەوتى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵای عێراق دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی کوردستان کە بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا.
حەیان عەبدولغەنی گوتی، وەزارەتى نەوتی عێراق لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى هەرێمى کوردستان چەندین گەڕی دانوستاندنی ئەنجامداوە بۆ نزیککردنەوەى تێڕوانینەکان بە ئاڕاستەى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە.
وەزیری نەوتی عێراق گوتیشى، "رێککەوتن لەگەڵ هەرێمى کوردستان کراوە بۆ ئەوەى رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت، ئەوە جگە لە 75 بۆ 85 هەزار بەرمیل نەوتى کەرکووک کە لەو رێگەیەوە هەناردە دەکرێت".
4ـی نیسانى 2023، هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵیی عێراق رێککەوتنیان واژۆکرد بۆ ئەوەى هەناردەی نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ)ـوە دەستپێبکاتەوە.
وەزیرى نەوتى عێراق گوتى، بابەتەکە "پەیوەندى بە بودجەى گشتییەوە هەیە لەوەى چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پارەیە دەکرێت و کێ دەتوانێت مامەڵەى پێوە بکات، کە دەبێتە بەشێک لە داهاتى گشتیى وڵات".
بەهۆى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، مانگانە زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلار زیان بە داهاتى هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەوێت.
وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، دانوستاندنیان لەگەڵ لایەنى تورکى هەیە و بەگوتەى بەرپرسانى تورکیا، بەهۆى بوومەلەرزەکەى ئەو وڵاتەوە هێڵى فرۆشتنى نەوت زیانى پێگەیشتووە و کۆمپانیایەک سەرقاڵى چاککردنەوەیەتى بۆ ئەوەی دڵنیابن بەرلەوەى دەست بە هەناردەکردنى نەوت بکرێتەوە.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان لە وەزیری نەوتی عێراق:
پرسیار: زۆر شت هەیە لەبارەی کەرتی نەوتی دەمەوێت پرسیار ئاراستەی بەڕێزتان بکەم. بۆیە دەمەوێت سەرەتا لەبارەی هەناردەی نەوت لە باکووری عێراقەوە دەستپێبکەم، کە پەیوەندیی بە نەوتی کەرکووکیشەوە هەیە. مانگێک بەسەر بڕیاری دادگای نێوبژیوانیی پاریس تێپەڕیوە لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی لە رێگەی تۆڕی بۆڕییەکانی نەوتی کەرکووک بۆ تورکیا، کە بەبێ رەزامەندیی حکومەتی فیدراڵی کراوە. لەوەتەی ئەم بڕیارە دراوە، گفتوگۆی یاسایی لەنێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامە. عێراق مەبەستیەتی ئەم نەوتە لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە بکرێت بەو مەرجەی هەرێمی کوردستان رەزامەند بێت. با رێک لێرەوە دەستپێبکەین، ئەو هەنگاوە هونەری و تەکنیکییانە چین، کە دەبێ بگیرێنەبەر بۆ ئەوەی نەوت لە رێگەی تۆڕی بۆڕییەکانەوە دەست بەهەناردەکردنییەوە بکرێت؟
وەزیری نەوتی عێراق: بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان، لەبارەی پرسیاری ئەو خانمە بەڕێزە کە پەیوەندیدارە بەدووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت لە هەرێمەوە بەرەو بەندەری جەیهان. وەزارەتی نەوت لەگەڵ بڕیاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین دانوستاندنی بەردەواممان کرد. ئامانج لەم دانوستاندنانە، نزیککردنەوەی بیروبۆچوونەکان بووە بە ئاراستەی هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکی. بەڕێزتان دەزانن بڕێک لە نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان دەبێت لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت. لەگەڵ برایانی هەرێم رێککەوتین بۆ هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل بەشێوەیەکی رۆژانە لە هەرێمەوە بۆ بەندەری جەیهان. سەرباری ئەمە، بۆڕییەکەش بەشێوەیەکی رۆژانە لەنێوان 75000-85000 بەرمیل نەوت رۆژانە لە نەوتی کەرکووک هەناردە دەکات. ئەو بڕیارەی دادگەی پاریس دەریکردووە، راگرتنی هەناردەی نەوت و پێدانی قەرەبوو بووە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ حکومەتی فیدراڵی. ئەم سزایە، سزای پێبژاردنە لە بەرامبەر ئەو کرێیانە دەبێت کە لە حکومەتی هەرێم وەردەگیران بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو لە کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان. ئێمە بەپێی رێککەوتنەکە لەگەڵ حکومەتی تورکیا و ئەو پرۆتۆکۆلەی لەنێوانماندا واژۆکراوە، ماف بە عێراق دەدات.
لەگەڵ برایان لە حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی دانوستاندنەکان رێککەوتین لەسەر ئەوەی کۆمپانیای سۆمۆ کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی سەر بە وەزارەتی نەوتە، ئەرکی هەناردەکردنی نەوتی پێ بسپێردرێت. بەهۆی بڕیاری دادگاکە، لەمەودوا رێگە بە حکومەتی هەرێم نادرێت ئەم نەوتە هەناردە بکات. بۆیە دانوستاندنی تێروتەسەل لەگەڵ برایانی هەرێم کرا و رێککەوتن کرا بەوەی سۆمۆ ببێتە رووکەشی سەرەکیی هەناردەکردنی ئەم بڕە لە نەوتی خاو.
پرۆسەکە هەروەها پێویستی بەوە هەیە کە رێککەوتن لەسەر ئەو کۆمپانیانەش بکرێت، کە نەوتی خاو دەکڕن. سۆمۆ بەدڵنیاییەوە نەوتی خاو بەپێی نرخی نێودەوڵەتیی دەفرۆشێت و بەگوێرەی ئەو نرخە و ستاندەردەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دیاریکردووە، دەفرۆشێت. لەسەر ئەم بابەتە رێککەوتین، ئێستا چەند قۆناخێکی کۆتایی ماوە بۆ ئەم رێککەوتنە کە پەیوەندیدارن بە هەژمارکردنی دارایی و بڕە پارە دەستکەوتووەکانی وەک داهات لە ئەنجامی فرۆشی نەوتی هەناردەکراو دەست دەکەوێت. پەنا بەخوا لەم چەند رۆژەی داهاتوودا ئەم رێککەوتنە جێبەجێ دەکرێت. هەروەها بابەتەکە پەیوەندیی بە بودجەی دەوڵەتی عێراقیشەوە هەیە، هەروەها پەیوەندیی بە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم گوژمانەدا هەیە. کێ مافی بەکارهێنانی ئەم گوژمانەی هەیە؟ بێگومان ئەم بڕە پارانە بەشێک دەبێت لە بودجەی فیدراڵی بۆ دەوڵەتی عێراقی بەشێوەیەکی گشتیی. دەرەنجام بەشێوەیەکی ئاسایی خەرجییەکانی دەکرێت.
پرسیار: حکومەتی عێراق هیچ پەیامێکی فەرمیی ئاراستەی حکومەتی تورکیا کردووە بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی باکوور دەستپێبکاتەوە، یان نەیناردووە؟
وەزیری نەوت: دانوستاندنمان لەگەڵ برایان هەیە لە لایەنی تورکی. دەسەڵاتدارانی تورکیا هەندێک زەرەر و زیانیان پێڕاگەیاندین کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی بەمدواییە بە بۆڕییەکانی نەوت گەیشتووە. کۆمپانیای کاربەڕێکەری ئەم بۆڕییانە کە کۆمپانیای بۆتاشە دەستی بە پرۆسەی پشکنینی ئەم بۆڕییانە کردووە لەپێناو دڵنیابوونەوە لە نەبوونی هیچ جۆرە زیانێکی دیکە بۆ ئەوەی پشت بەخوا بەمنزیکانە دەست بە پرۆسەی هەناردەی نەوت بکەینەوە.
پرسیار: بەڕێز حەیان باستان لە خەرجییەکانی بەهێزکردنی ژێرخانی هەناردەکارییەکانی بەسڕە کرد. وەک دەزانرێت، کۆی گشتیی بەرهەمی هەناردەکراوی نەوتی رۆژانەی عێراق پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتە. ئایا هیچ جۆرە ئاستەنگێک لە ئارادانییە لەبارەی کوالێتی ژێرخانی هەناردەکردن و بۆڕییەکان کە باس لەوە دەکرێت، بۆڕییەکان زۆر کۆن بوون و ماندوو و شەکەتن. ئەو هەنگاوانە چین کە کراوە یان دەبێ بکرێت بۆ ئەوەی نەوتی خاو بەشێوەیەکی باشتر و بێ کێشە هەناردە بکرێت کە یاریدەدەر بێت بۆ هەناردەی زیاتری نەوت؟
وەزیری نەوت: یەکێک لە بایەخەکانی وەزارەتی نەوت، دووبارە نۆژەنکردنەوە و بەهێزکردنەوەی ژێرخانی تایبەتە بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق. نزیکەی 14 کۆمپانیای تایبەتمان هەن کە مۆڵەتپێدراون و بەشداربوون لە گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە سەرجەم کێڵگە نەوتییەکاندا چ لە باشوور یان ناوەڕاست بێت. بەڵام خاڵە هەرە گرنگەکانی هەناردەکاری نەوت بریتییە لە بەندەرەکانی باشوور. بەندەرەکان بە دۆخێکدا تێدەپەڕن لە چەند قۆناخێکی جیاوازدا زیانی زۆریان بەرکەوت. بۆ نموونە لە سەردەمی جەنگی عێراق و ئێران زیانێکی زۆر رووبەڕووی بەندەرەکانی بەسڕە و عومەییە بووەوە، کە بەهۆیەوە لە کارخران. سوپاس بۆ خوای گەورە، حکومەتی عێراق لە ماوەی رابردوودا دەستیکرد بە نۆژەنکردنەوەیان. هەروەها توانیمان بەندەری نەوتی بەسڕە کە پێشتر چوار سەکۆی بارکردنی هەبوو لەگەڵ بەندەری عومەییە کە دوو سەکۆی بارکردنی هەبوو نۆژەنیان بکەینەوە. دەستبکەین بە پشکنینی بۆڕییەکانی ژێردەریاش کە لە کۆگای کێڵگەکانی باشوور نەوتیان بۆ بەندەرەکان دەگواستەوە. کۆگای فاو ئەوکات کۆگای مامناوەندی بوو، نەوتی بەرەو بەندەرەکان پاڵدەنا، بەڵام دوای جەنگی عێراق و ئێران، خاپوور کرا. پرۆسەی پاڵنانەکە و گواستنەوەکان لە کۆگای کێڵگەکانی باشوور، کە کۆگاکانی توبا و زوبێر و رومێلە بوو ئەوان دەستبەکاربوون و نەوتیان هەناردەی بەندەرەکان دەکرد.
ئەم کۆگایانە ژمارەیەکی زۆر تانکی کۆگاکراوی کاتییان هەبوو لەگەڵ پەمپی پاڵنانی بەردەوام بۆ ئەو بۆڕییانەی نەوتی دەگواستەوە بەندەرەکانی هەناردەکردن. دوای گواستنەوەی گرێبەستەکان بۆ کۆمپانیا رێگەپێدراو و مۆڵەتپێدراوەکان و لەگەڵ دەستپێکی بەرهەمهێنانەکان، وەزارەتی نەوت وەک باسمکرد دەستیکرد بە نۆژەنکردنەوەی بەندەرەکانی نەوت، لە رێگەی سەکۆی دەریایی ژێرئاو لەناو کەنداو. بەڕێزیشتان دەزانن عێراق رووکەشی دەریایی نییە بۆیە روومانکردە بەندەرە دوورەکان لە رێگەی دامەزراندنی سەکۆی دەریایی. توانای رۆژانەی ئەم سەکۆیانە 900 هەزار بەرمیلە. بۆیە وەزارەتی نەوت دەستیکرد بە دامەزراندنی چوار سەکۆی دەریایی لەگەڵ دامەزراندنی دوو بۆڕی دیکەی دەریایی نوێ بۆ گەیاندنی نەوتی خاو بۆ ئەم سەکۆیانە. سوپاس بۆ خوا لە رێگەی ئەم سەکۆیانەوە توانیومان هەناردەی نەوتی خاو بکەین لە رێگەی کێڵگە سەرەکییەکانەوە لە پارێزگای میسان و ناسڕییە. وەزارەتی نەوت پلانێکی تۆکمەی هەیە لە رێگەی دامەزراندنی بۆڕیی دەریایی و سەکۆی دەریایی زیاتر. یەکێک لە بۆڕییەکان بەهۆی ئەوەی زیانی زۆری بەرکەوت، بەندەری عومەییە لەکارکەوت، کە نەوتی خاوی بۆ ئەم بەندەرە دەگەیاند. دواتر بەهاوئاهەنگیی حکومیی توانیمان قەرز لە ژاپۆن وەرگرین بە ئاراستەی دامەزراندنی بۆڕی دەریایی کە بۆڕی دەریایی سێیەمی پێ دەگوترێت. ئەم بۆڕییانە زۆر نوێن کە نەوت دەگەیێنێتە بەندەری عومەییە کە بەهۆیەوە دەتوانین رۆژانە نزیکەی 500 هەزار بەرمیل هەناردە بکەین. هەروەها ئەم پرۆژەیە بەشێکە لە دامەزراندنی سەکۆیەکی ژێردەریایی بەتوانای رۆژانە 900 هەزار بەرمیل نەوت. ئەم بۆڕییە هەروەها توانای ئەوەی هەیە بەندەری بەسڕەی کۆن گرێ بدات کە چوار سەکۆی بارکردن لەخۆ دەگرێت. لە رێگەی ئەم سەکۆ ژێردەریاییەوە توانای ئەوەمان دەبێت نەوتی خاو زۆر بەڕێکوپێکی بگوازینەوە. ئەو گوژمەیەی لە کێڵگەکانی باشوور بەرهەم دێت، لە رێگەی ئەم سەکۆ دەریاییانەوە دەکرێ بەئاسانی بگوازرێنەوە. هەروەها وەگەڕخستنی بەندەری عومەییەش کاریگەری زۆر ستراتیژی دەبێت بەسەر پلانی هەناردەکارییەکانمان و رێکوپێک بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەناردەکارییەکانمان.
پرسیار: ئەو کێشە هەڵپەسێردراوانە چین رێگری لە پرۆسەی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەکەن و ئایا کاریگەریی بەسەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نابێت؟ ناوە ناوە گوێمان لە لێدوانی بەرپرسانی هەرێم دەبێت، بەوەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ کاریگەریی بەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت کە لە کۆتاییدا ئەمە ئەرک و بەرپرسیارێتیی بەغدایە؟
وەزیری نەوت: لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ هەرێم، پشت بەخوا گەیشتووینەتە قۆناخەکانی کۆتایی، رەنگە لە نێوان هەفتەیەک یان ئەوپەڕی دوو هەفتەی دیکەدا دەگەینە رێککەوتنی کۆتایی سەبارەت بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی خاو. لایەنی تورکی پێی راگەیاندووین بەوەی دەستیانکردووە بە پشکنینی بۆڕییەکان. ئەمە بابەتێکی پەیوەندیدارە بەخۆیانەوە و ئێمەش ناتوانین رەتیبکەینەوە، بەهۆی ئەوەی ئەمە لە بەرژەوەندیی ئێمەشدایە، یەکسەر نەوت هەناردە بکرێت و بگاتە شوێنی مەبەست، نەک دەست بەهەناردەکردن بکرێت و دواتر بەهۆی دزەکردنی نەوت و کێشەی بۆڕییەکان دووبارە رابگیرێتەوە. ئەوسا زیانەکە زۆرتر دەبێت و کاریگەرییەکە بەسەر ئێمە قورستر دەبێت. پشت بەخوا هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە دۆخێکی ئەرێنی هەیە و دەگەینە رێککەوتن.
پرسیار: چەند کاتمان پێویستە بۆ ئەوەی دانوستاندنەکان لەگەڵ لایەنی تورکی یەکلایی بکرێتەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان و کەرکووک دەستپێبکاتەوە؟ ئایا سۆمۆ ئاراستەی ئەو کۆمپانیایانەی دیاریکردووە کە گرێبەستی لەگەڵ دەکات؟ لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەوروپی یان ئەمریکی گرێبەست دەکرێت؟
وەزیری نەوت: هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەلایەن سۆمۆ دەکرێت. هەمان ستاندەرد و میکانیزمەکانیش بۆ نەوتی خاوی هەرێم و کەرکووک دەگیرێنەبەر.