دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر: لە ئەمڕۆوە بەشەخۆراکی تایبەت بە رەمەزان دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر دەڵێت، ئەمڕۆ دابەشکردنی بەشەخۆراکی تایبەت بە مانگی رەمەزان دەستپێدەکات. لە سلێمانیش زۆرینەی خێزانەکان وەریانگرتووە.
بۆ ئەم رەمەزانە بڕیادرا هەموو خێزانێکی عێراق و هەرێمی کوردستان چوار جۆر خۆراکی تایبەتی پێ بدرێت کە بریتین لە ئاردی سفر، ماکەرۆنی، نیشاستە و شەعرییە.
هەرچەندە ئەمڕۆ 24ـی رەمەزانە، بەشی زۆری هاونیشتمانیان ئەو خۆراکانەیان وەرنەگرتووە.
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە دابەشکردنی بەشەخۆراکی تایبەت بە مانگی رەمەزان لەنێو شاری هەولێر دەستپێدەکات". لە سلێمانی چەند رۆژێکە دابەشکردنی بەشەخۆراکی تایبەت بە رەمەزان دەستیپێکردووە.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 90%ـی خەڵک بەشەخۆراکی تایبەت بە مانگی رەمەزانی وەرگرتووە، بەڵام ئەوانیش لە چوار مادەکە سێیانیان وەرگرتووە و ئاردە سفرەکە کەمی گەیشتووە و دابەشکردنیش بەردەوامە.
دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە بەردەوامە
دووەم بەشەخۆراکی ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت. کامەران فەتاح گوتی، "بەشە خۆراکی مانگی دوو بە داتای مانگی سێ دابەش دەکرێت. دابەشکردنمان دەستپێکردووە، تەنیا برنج و دۆشاو نەبێ. هەموو هەوڵێک دەدەین پێش جەژن ئەو دووانەش دابەش بکەین".
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشە خۆراک وەردەگرن. بە گوتەی بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک بۆ رووداو، ئەم ساڵ بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەوە خواست لەسەر دابەشکردنی بەشەخۆراک زیاتر بووە.
رێکاری نوێ بۆ پارەدانی بریکارەکانی خۆراک بووە بە هۆکاری درەنگ دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە لە ئەم ساڵدا. رێکارەکەش ئەوەیە، داواکراوە بریکارەکان پارەی بەشەخۆراک بە کارتی بانکی بگەڕێننەوە، ئەوەش بۆ هەرێمی کوردستان نوێیە و کێشەی دروستکردووە.
مانگی رابردوو ئەو برنجەی دابەشکرا بەهۆی خراپی کواڵیتییەوە گلەیی زۆری هاونیشتمانیانی لێکەوتەوە. کامەران فەتاح گوتی، "ئەم مانگە دوو جۆر برنج هاتووە؛ ئەوەی دراوەتە قەزا و ناحیەکان باش نییە، بەڵام ئەوەی نێوشار زۆر زۆر باشە".
ئەو بڕە خۆراکەی مانگانە دەدرێتە هاونیشتمانیان بریتییە لە برنج، ئارد، رۆن، دۆشاوی تەماتە، شەکر، نیسک یان پاقلەمەنییەکی دیکەیە.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن.