دۆلارێکی ئەمریکی 36 لیرەی تێپەڕاند

03-02-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە تورکیا و باکووری کوردستان بەهای لیرەی تورکی دابەزی و ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد. یەک دۆلاری ئەمریکی بە زیاتر لە 36 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی شوباتی 2025، لە بازاڕی ئازادی ئیستەنبووڵ یەک دۆلاری ئەمریکی بە 36.03 لیرە فرۆشرا. لە هەمانکاتدا  یەک یۆرۆ بەرامبەرە بە 36.90 لیرە.
 
سەرەتای کرانەوەی بۆڕسە و بازاڕەکانی دراو لە ئیستەنبووڵ و شارەکانی دیکەی تورکیا، بەهای لیرەی تورکی بۆ هەر دۆلارێکی ئەمریکی 35.88 لیرە بوو. بەڵام دوای راگەیاندنەکەی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، دۆلاری ئەمریکی بە رێژەی 0.48٪ بەرامبەر لیرەی تورکی هەڵکشا. 
 
کاریگەرییەکانی داشکانی لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە بۆ راگەیاندنی رێژەی هەڵاوسانی مانگی رابردووی دامەزراوەی ئاماری تورکیا و پێشبینییەکانی بانکی وەبەرهێنانی ئەمریکی مۆرگان ستانلی دەگەڕێتەوە کە رۆژی 25ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ پێشبینی کرد تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2025 بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی بگاتە 39 لیرەی تورکی.
 
پێشتر بانکی ناوەندی تورکیاش لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی 2024 پێشبینییەکانی بۆ بەهای دۆلار بۆ یەک ساڵ راگەیاند. بەپێی پێشبینییەکانی بانکەکە لە ماوەی ساڵێکدا بە بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دەبێت بە 41.41 لیرەی وڵاتەکەی.
 
یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی دابەزینی لیرەی تورکی بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان، درەنگ بڕیاردان بووە لە کەمکردنەوەی رێژەی سووی بانکی. دوای نزیکەی دوو ساڵ، رۆژی 23ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، رێژەی سووی بانکی لە 47.5٪ بۆ 45٪ دابەزێندرا. هەر بۆیە کاریگەری ئەرێنی بەسەر سەقامگیری لیرە نەبوو. 
 
لە مانگی ئەیلوولی پارەوە بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار و دراوە بییانییەکانی دیکە بەهۆی بەرزبوونەوەی قۆناخ بە قۆناخی هەڵاوسانی ئابووری وڵات و جێگیرکردنی سوودی بانکییەوە، لە دابەزیندایە. لیرەی تورکی لە 18 مانگی رابردوودا نزیکەی 16.4٪ی بەهای خۆی لەدەستداوە. 
 
بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاری 2023دا یەک دۆلار بە 19.60 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا؛ لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کە لە 28ـی ئایار کرا، بۆ یەکەمینجار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند و دوای هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار لە 26ـی حوزەیراندا بەهای یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 14 سەنتی دیکە بەرزبووەوە

نرخی نەوتی برێنت نزیکبووەوە لە 74 دۆلار

نرخی نەوت لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و ئەمڕۆ پێجشەممە یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 14 سەنتی دیکە بەرزبووەوە و بە 73 دۆلار و 93 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بەهەمان رێژە بەرزبووەوە بۆ 69 دۆلار و 79 سەنت.