بەهای پشکەکانی ئەپڵ گەیشتە سێ ترلیۆن دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
بەهای پشکەکانی کۆمپانیای ئەپڵی ئەمریکی، لە بازاڕەکانی ئەمریکادا ریکۆردی تۆمارکرد و گەیشتە سێ ترلیۆن دۆلار، بەو جۆرەش ناوی چووە مێژووی ئەو وڵاتەوە لە رووی تۆمارکردنی بەرزی بەهای پشکەکان.
رۆژی دووشەممە، 3-1-2022 کاژێر 06:45 خولەکی ئێوارە بە کاتی گرینیچ و 09:45 خولەکی شەو بە کاتی هەولێر، بەهای پشکەکانی کۆمپانیای ئەپڵ لە بۆرسەکانی ئەمریکا گەیشتە سێ ترلیۆن دۆلار.
بەرزبوونەوەی بەهای کۆمپانیاکە بۆ چەند خولەکێكی کەم بوو، پاشان بەهای پشکەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکە کەمێك بۆ خوار ئەو نرخە دابەزی.
ئەمە دووەمین جارە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا، بەهای پشکەکانی ئەپڵ ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات، لە مانگی ئابی ساڵی 2020-یشدا بەهای پشکەکانی ئەپڵ گەیشتە دوو ترلیۆن دۆلار.
هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای ئەپڵ بۆ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کەلوپەل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانە لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتاکاندا.
کۆمپانیای ئەپڵی ئیلیکترۆنی لەساڵی 1976 لەلایەن ستیڤ جۆبس، ستیڤ وۆزنیاک و رۆناڵد وەین دامەزرا.
بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکە لە کالیفۆرنیای ئەمریکایە؛ خاوەن زیاتر لە 516 ناوەندی گەورەی فرۆشتنە لە سەرانسەری جیهاندا و زیاتر لە 147 هەزار کارمەندی هەیە.
ئەپڵ یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیا تەکنەلۆژیاکانی جیهان، ساڵی رابردوو داهاتەکەی زیاتر لە 365 ملیار دۆلار بووە.