چالاکیی کارگەکانی چین و نادڵنیایی لە ئاگربەستی لوبنان، نرخی نەوتیان بەرزکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
نادڵنیایی لە بەردەوامبوونی ئاگربەستی لوبنان، هەروەها زیادبوونی چالاکیی کارگەکانی چین لە مانگی 11، بوونە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
ئەمڕۆ (دووشەممە، 2-12-2024) لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە یەکەم رۆژی هەفتە دا، نرخی نەوتی برێنت 18 سەنت بەرزبووەوە و بە 71 دۆلار و 92 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 19 سەنت بەرزبووەوە و، بە 68 دۆلار و 9 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی نووسینگەی فەرمیی ئامارەکانی چین، گەورەترین هاوردەکاری نەوتی جیهان، لە مانگی رابردوودا چالاکیی کارگەکانی زیادبووە، ئەوەش نرخەکانی نەوتی بەرزکردووەتەوە.
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "داتاکانی چین، یارمەتیدەر بوون بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت."
سایکامۆر پێیوایە، "جگە لە داتاکانی چین، ئەگەری ئەوەی ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل کورتخایەن بێت و بەردەوام نەبێت، پاڵپشتی زیاتری بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە."
گوتەکانی سایکامۆر لەکاتێکدایە وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاندووە، لەدوای ئاگربەستیش بەهۆی دوو هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری ئەو وڵاتە، چەندین کەس بریندار بوون.
هەفتەی رابردوو، نرخەکانی نەوت بەڕێژەی 3٪ دابەزین، ئەمەش بەهۆی نیگەرانی لە خستنەڕووی زۆری نەوت و ئەگەری درێژکردنەوەی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.