ئازاد هەڵەبجەیی: لە هەولێر نەیانهێشت فێستیڤاڵی هەنار بەڕێوەببەم و دەیبەمە سلێمانی
رووداو دیجیتاڵ
جووتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجە دەڵێت، ویستوویەتی 500 تۆن هەنار لە فێستیڤاڵی هەنار لە هەولێر بفرۆشێت، بەڵام قایمقام نەیهێشتووە و گوتوویەتی پار هەناری گەنیوی لە هەولێر فرۆشتووە. قایمقامی هەولێریش دەڵێت، پار خەڵک گلەیی هەبووە و رێگەی دووبارەبوونەوەی نادەن.
رۆژی چوارشەممە، 2-11-2022، ئازاد هەڵەبجەیی ناسراو بە جووتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیاربوو ئەمساڵیش وەکو پار لە هەولێر فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە بەڕێوەببەم؛ دوو جار پارێزگاری هەولێر نووسراوی کرد و رەزامەندی دەربڕی، بەڵام قایمقامی هەولێر وەڵامی نووسراوەکەی داوەتەوە کە رێگە نادات هەنار ببەم و فێستیڤاڵ بەڕێوەببەم".
ئازاد هەڵەبجەیی دەڵێت، قایمقامی هەولێر گوتوویەتی پار هەناری دەرەوەی هەڵەبجەی هێناوە و هەناری گەنیوی فرۆشتووە بە خەڵک. گوتیشی: "ئەوە راستنییە و پار باشترین هەنارمان هەبوو، خەڵکیش دەستخۆشی لێکردین؛ من سبەی لە سلێمانی هەناری جوان نمایش دەکەم و دەردەکەوێت هەنارەکەم گەنیوە یان نا".
ئەو جووتیارەی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد کە پلانی هەبووە 500 تۆن هەنار بباتە شاری هەولێر و کیلۆی بە هەزار دینار بفرۆشێت. گوتیشی، سبەی 30 تۆن لە سلێمانی نمایش دەکات و بەگوێرەی پێویست بڕەکەی زیاتر دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رووداوی گوت: "پارێزگار رۆژانە سەدان نووسراوی بۆ دەچێت، بەڵام بڕیار لەسەر هەمووی نادات و هەندێک رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات و ئەوەشی رەوانەی ئێمە کردووە و ئێمەش رەتمانکردەوە".
قایمقامی هەولێر رەتکردنەوەی داواکاریی جووتیارەکەی بە چەند هۆکارێک خستەڕوو و گوتی: "کاتەکەی درەنگە کە 17ـی مانگی 11 دیاریکرابوو، هەروەها ئێمە دەبێت دڵنیابینەوە کە بەرهەمی نێوخۆییە و لە چی باخێکەوە بەرهەم هێندراوە بە ئاگاداریی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەتایبەت ئەو جووتیارە بەڕێزە ئێمە شارەزای باخەکەی نین و لە دەرەوەی پارێزگاکەماندایە".
نەبەز عەبدولحەمید باسی لەوەش کرد کە ئەوان بەهەموو شێوەیەک پشتیوانیی هەموو بەرهەمێکی نێوخۆیی جووتیاران دەکەن و سەبارەت بە فێستیڤاڵی پاری جووتیارەکەش گوتی: "پار لە هەولێر گلەییەکی زۆری خەڵک هەبوو، رێگە نادەین ئەمساڵیش دووبارەبێتەوە".