نوێنەرێکی وانەبێژان: هەفتەی داهاتوو شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەفتەی داهاتوو شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژی پەروەردە دابەشدەکرێت.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 2ـی تشرینی یەکەمی 2024) عەلی رەئووف، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەفتەی داهاتوو شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگی 6ی 2024 دابەشدەکرێت."
عەلی رەئووف گوتی، "وەرگرتنی مووچەی مانگەکانی شەش، حەوت و هەشت هەر وەکو وانەبێژ دەبێت، بۆ مانگی 9ـش لەگەڵ هاتنی مووچە، یەکەم مووچەی دوای بەگرێبەستبوون وەردەگرن."
سەبارەت بە رێکارەکانی دەستپێکردنی بەگرێبەستکردنی مامۆستایامی وانەبێژ، عەلی رەئووف دەڵێت، "لە 26ـی ئەیلوولی 2024، وەزیری دارایی و ئابووری نووسراوی رەزامەندی بۆ بە گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ واژۆ کرد و رەوانەی وەزارەتی پەروەردە کرا، ئەمڕۆ رێکارەکان لە پارێزگای هەولێر و دهۆک دەستیان پێکرد، بە زووترین کات لە پارێزگای سلێمانیش دەستپێدەکەن."
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 37 هەزار و 933 وانەبێژە، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.