داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوو گەیشتە 7 ملیار دۆلار
رووداو- هەولێر
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، قەبارەی نەوتی خاوی هەناردەكراوی عێراق لە مانگی ئەیلولی رابردوو گەیشتە زۆرتر لە 76 ملیۆن بەرمیل نەوت و داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتە 7 ملیار دۆلار.
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بەپێی داتاكانی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، قەبارەی نەوتی خاوی هەناردەكراوی عێراق لە مانگی ئەیلوولی رابردوو گەیشتە 76 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوت و داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتە 7 ملیار دۆلار".
عاسم جیهاد گوتیشی "رێژەی نێوەندیی هەناردەكردنی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوو لە رێگەی بەندەرەكانی بەسرە لە باشووری عێراق، گەیشتە 2 ملیۆن و 542 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا".
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، كە "بەهۆی هێرشە تیرۆریستییەكانەوە، هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بە رێگەی بۆری گواستنەوەی نەوتی كەركووك-جیهان لە مانگی ئاداری رابردووەوە تا ئێستا وەستاوە".
ئەمە لەكاتێكدایە بەهۆی كۆنترۆڵكردنی سێ یەكی رووبەری خاكی عێراق لەلایەن چەكدارانی داعشەوە و هەناردەنەكردنی نەوتی كەركووك، هەناردەكردنی نەوتی عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە، كاریگەرییەکانی ئەو دابەزینەش راستەوخۆ لەسەر بودجەی فیدراڵی دەركەوتووە، بەشێوەیەك پسپۆرانی ئابووری دەڵێن، بودجەی فیدراڵی 2014ـی عێراق، كورتدەهێنێ.