وەزارەتی شارەوانی بە مەرج رێگە بە دروستکردنی دوو خانوو لەسەر یەک پارچە زەوی دەدات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لەمەودا بە فەرمی و بەگوێرەی رێنوێنییەکان رێگە دەدەن بە دروستکردنی دوو خانوو لەسەر یەک پارچە زەوی، بەمەرجێک زەوییەکە کە دابەش دەکرێت 200م دووجا کەمتر نەبێت. بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی گەرمیان دەڵێت، لە رابردوو رێگە نەدراوە و ئەوەشی کراوە بە "چاوپۆش"ـی بووە.
نووسراوەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، کە رۆژی 02-05-2024 دەرچووە، ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی شارەوانی و سەرۆکایەتییەکانی شارەوانی لە هەرێمی کوردستان کراوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "مۆڵەتی بینا بۆ دروستکردنی خانوو بەپێی نەخشەی کەرتیی پەسەندکراو دەدرێت؛ نەخشەکە لەسەر بنەمای ژمارەی زەوی و ژمارەی دانیشتووانی خەمڵێندراو، هەروەها رێژەی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و خزتەگوزاری ژێرخان لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییە بەرکارەکان دەستنیشانکراوە."
وەزارەتی شارەوانی چەند مەرجێکی داناوە بۆ رێگەدان بە دروستکردنی دوو خانوو لەسەر یەک پارچە زەوی، لەنێویاندا زەوییەکە لە 200 مەتر کەمتر نەبێت و تۆمارەکەی بە ناوی دوو کەسەوە بێت و هەر خانوویەک لەسەر 100 مەتر دروستبکرێت.
یەکێکی دیکە لە مەرجەکانی رێگەدان بە دروستکردنی خانووی 100 مەتری ئەوەیە نابێت رووکار (واجیهە)ی خانووەکە لە پێنج مەتر کەمتر بێت.
بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی شارەوانی: "بە لەبەرچاوگرتنی لایەنی ژینگەیی و تەندروستی، نابێت رێژەی خانوو لەسەر زەوییەکە 70% زیاتر بێت. هەروەها دەبێت لەو رووبەرەی دەمێنێتەوە خاوەن خانوو شوێنی ئۆتۆمبێل دروستبکات و ئەو شوێنەشی دەمێنێتەوە بکرێتە سەوزایی و لانیکەم دوو داری تەمەن دوو بۆ سێ ساڵی بچێنێت."
لە رێنماییەکانی شارەوانیدا هاتووە، نابێت شۆستەی دەرەوە بۆ قادرمە و رەمپە بەکاربهێندرێت. هەروەها "هەر هاووڵاتییەک یەک جار سوودمەند دەبێت لە دابەشکردنی زەوییەکەی بۆ دوو بەش یان زیاتر بەشێوەی پشک و کردنی بە بینا."
یەکێکی دیکە لە مەرجەکانی شارەوانی بۆ رێگەدان بە دروستکردنی دوو خانوو لەسەر پارچە زەوییەک ئەوەیە، خاوەن موڵکەکە بەڵێننامەی پێ پڕدەکرێتەوە تاوەکو لەسەر پشکی خۆی خانووەکە بۆ نیشتەجێی خۆیان یان کەسانی پلە یەک تاوەکو پلەی سێی خێزانەکە بەکاری بهێنن و، بۆ ماوەی پێنج ساڵ بۆی نییە کڕین و فرۆشتنی پێوە بکات.
بارزان کەریم، سەرۆکی شارەوانییەکانی گەرمیان ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر بە فەرمی رێگە نەدراوە هیچ کەسێک لەسەر پارچەیەک زەوی دوو تۆمار و دوو خانووی لەسەر بکات، چونکە پێشووتر بڕیاری وەزارەتی شارەوانی و ئەنجوومەنی دادوەری هەبووە کە دابەشکردنی زەوی بۆ دوو زەوی بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە."
لە رابردوودا لە تەواوی شارەکانی هەرێمی کوردستان هەزاران خانوو لەسەر زەویی 100 مەتری دروستکراون. بارزان کەریم دەڵێت، "هەموو ئەوانە بە چاوپۆشی کراون، یان هەبووە کەسەکە یەک مۆڵەتی بینای هەبووە دواتر خۆی کردوویەتی بە دوو خانوو و نێوبڕێ بۆ کردووە."
بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد، لە رابردووشدا زەوییەکی 200 مەتری کراوە بە ناوی دوو کەسەوە، بەڵام مۆڵەتی تۆماری دروستکردنی دوو خانووی پێنەدراوە.