لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداریی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا میوانداریی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
رۆژی سێشەممە 02-05-2023، خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان، میوانداری شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام تائێستا وادەی میواندارییەکە دیار نییە."
دوێنێ دووشەممە، 01-05-2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداریی وەزیرانی کارەبا و کشتوکاڵی عێراقی کرد لەبارەی پشکی ئەو دوو وەزارەتە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا.
هەر دوێنێ، کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە بەشداریی سەرکردەکانی هاوپەیمانییەکە لە ماڵی خەمیس خەنجەر بەڕێوەچوو. هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەبارەی گفتوگۆکانی بودجە رایگەیاند، "10-05-2023 دوایین وادەیە بۆ یەکلاکردنەوەی گفتوگۆکانی مادەکانی بودجە."
پەرلەمانى عێراق لە 16ـى نیسانى 2023 خوێندنەوەى دووەمى بۆ پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کرد کە هەنگاوى بەر لە دەنگدان و پەسندکردنیەتى لە پەرلەمان.
پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق بۆ سێ ساڵە، قەبارەکەی زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رۆژی 30-04-2023 لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق گوتی، "پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە لە 18 ترلیۆن دینار تێدەپەڕێت و رەنگە بچێتە نزیک 20 ترلیۆن دیناریش، بەڵام ئەمە هەندێک پارەی لێ دەردەچێت کە پێشتر بۆ ئێمە نەبوو، بۆ نموونە تێچووی بەرهەمهێنانی لێ دەردەهێنرێت یان تێچووی گواستنەوەی نەوت و بەرهەمهێنانی لێ دەردەکرێت و لەو پارەیە نزیکەی سێ ترلیۆن تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی لێ دەردەکرێت و ملیارێک زیاتری تێچووی گواستنەوەی نەوتیشی لێ دەردەکرێت و ژمارەکە کەم دەبێتەوە".
وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە نزیکەی 16 ترلیۆن دینار دەبێت. ئەو رێککەوتنەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەندێک خاڵی ئەرێنی زۆر باشی تێدایە بۆ کورد، یەکێک لەوان جێگیرکردنی میلاکاتە، هەرچەند بابەتی پێشمەرگە هێشتا بە دڵی خۆمان نییە، بەڵام هەنگاوێک چووەتە پێشەوە کە دەچێتە سەر وەزارەتی بەرگری و ئێستا ژمارەی پێشمەرگە و میلاک و پلەکانیان جێگیر بووە کە جاران ئەوانە لە بەربەستە گەورەکان بوون لەنێوان ئێمە و حکومەتی عێراقدا".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەو 16 ترلیۆنە دوای لێبڕینی بودجەی سەروەریشە، وەزیری دارایی گوتی: "بەڵێ، لە باشییەکانی ئەو رێککەوتنەی ئێمە یەکێکیان ئەوەیە کە ئەگەر بە باشی و بە رێکوپێکی بڕواتە پێشەوە، 90٪ بۆ 95٪ کێشەی مووچەی فەرمانبەرانمان نامێنێت."