مووچەی مانگی ئاداری لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە دابەش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، لە رۆژی یەکشەممەوە مووچەی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت. بەرپرسێک لە وەزارەتەکە دەڵێت، لیواکان مووچەیان دواناکەوێت و مووچەی مانگی دووشیان وەرگرتووە.
 
لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆ سێشەممەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە و دوای رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان، بانکەکان ئاگادارکرانەوە کە یەکشەممە 07ـی نیسان مووچەی مانگی 03ـی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش بکرێت.
 
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ژمارەی لیوا هاوبەشەکان گەیشتووەتە 30 لیوا و هاوپەیمانان مانگانە لەکاتی خۆیدا بڕە پارەی هاوکارییان بۆ دەنێرن.
 
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کورستان، 04ـی ئەم مانگە مووچەی مانگی دووی هێزەکانی پێشمەرگە جگە لە لیوا هابەشەکان دابەش دەکرێت.
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا هاوبەشەکان مووچەی شوباتیان وەرگرتووە و ئەوەی وەری دەگرن مووچەی ئادارە؛ گوتیشی، هاوکاری هاوپەیمانان چەند رۆژێک لەمەوبەر گەیشتووە و وەزارەتی پێشمەرگە دابەشی نەکردووە، ئەویش بە ئامانجی ئەوەی جیاکاری زۆر نەبێت لەنێوان ئەوان و پێشمەرگەکانی دەرەوەی لیوا هاوبەشەکاندا.
 
وەکو پشتیوانییەک بۆ پێشمەرگە و یەکخستنەوەی یەکجاری هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانان مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ مووچەی ئەو لیوا هاوبەشانە.