760 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی 10 گەیشتووە؛ ئەو کورتهێنانەی هەیە چۆن پڕدەکرێتەوە؟


رووداو هەولێر

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، 760 ملیار وەکو گوژمەی یەکەمی مووچەی مانگی 10 گەیشتووە، بەڵام جارێ بڕیار نەدراوە کە ئەو کورتهێنانەی هەیە چۆن پڕدەکرێتەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 01ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 760 ملیار دینار گەیشتووەتە لقی بانکی ناوەندی لە هەولێر، بەڵام بەهۆی ئەوەی کورتهێنان هەیە، هێشتا بڕیار لە دابەشکردنی مووچە نەدراوە.
 
ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە؛ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران، هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە، بەمەش کورتهێنان دروست دەبێت.
 
لەبارەی کورتهێنانی مووچەی مانگی 10، ئەو سەرچاوەیە گوتی، "تاوەکو ئێستا نازاندرێت چۆن ئەم کورتهێنانە چارەسەر دەکرێت، بەڵام دوو رێگە هەن؛ یان بە داهاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە یان ئەوەتە دەبێت بەغدا گوژمەیەکی دیکەش بنێرێت."
 
رووداو زانیویەتی، بە ئەگەرێکی زۆر بڕیاردان لە دابەشکردنی مووچە، رەنگە بخرێتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە دەکرێت. 
 
رۆژی 03-11-2024 لیستی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمێکی تەکنیکیی وەزارەتی داراییەوە رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا، تاوەکو وردبینی تێدا بکرێت. بەڵام ئەمڕۆ کوژمەی یەکەمی مووچەی مانگی 10 نێردرا.