داهاتی نەوتی عێراق مانگی رابردوو 6.5 ملیار دۆلار بووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، "لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا زیاتر لە 90 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاومان هەناردە کردووە و داهاتی ئەو نەوتە زیاتر لە شەش ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە".
رۆژی یەکشەممە 01-08-2021 وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، "بەپێی ئاماری سەرەتایی کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق - سۆمۆ، عێراق لە مانگی تەممووزی رابردوودا 90 ملیۆن و 467 هەزار و 794 بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کردووە، داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتە شەش ملیار و 513 ملیۆن و 792 هەزار دۆلار".
وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاند، "نەوتی خاوی هەناردەکراو لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە مانگی تەممووزی رابردوودا 87 ملیۆن و 455 هەزار و 359 بەرمیل بووە، هاوکات لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیهان سێ ملیۆن و 12 هەزار و 435 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە".
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، "هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 918 هەزار بەرمیل، هەر بەرمیلێکی ئەو نەوتەش تێکڕا بە 72.001 دۆلار فرۆشراوە".
مانگی رابردوو وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بەپێی ئامارە کۆتاییەکانی کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق - سۆمۆ، "عێراق لە مانگی شەشی 2021دا 86 ملیۆن و 765 هەزار و 589 بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کرد، داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتە شەش ملیار و 143 ملیۆن و 106 هەزار دۆلار".