هەناردەى نەوتى عێراق بۆ ئەمریکا زیاد بووە

 
رووداو دیجیتاڵ

هەناردەى نەوتى عێراق لە هەفتەى رابردوودا زیاتر لە 217 هەزار بەرمیلی لە هەفتەى پێشتر زیاد بووە، لە سێ هەفتەى مانگى حوزەیراندا، عێراق زیاتر لە 12 ملیۆن بەرمیل نەوتى هەناردە کردووە.
 
بەگوێرەى ئەو داتایانەى کارگێڕیى زانیاریی وزەى ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەى هەفتەى رابردوودا عێراق رۆژانە 195 هەزار بەرمیل نەوتى هەناردەى ئەمریکا کردووە، کە بۆ هەفتەکە بە تێکڕا دەگاتە یەک ملیۆن و 365 هەزار بەرمیل، لە کاتێکدا هەفتەى پێش خۆى رۆژانە 164 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەى ئەمریکا کراوە، کە بە تێکڕا گەیشتبووە یەک ملیۆن و 148 هەزار بەرمیل، بەوەش هەفتەى رابردوو 217 هەزار بەرمیل نەوتى زیاتر بووە لە پێش خۆى.
 
هەفتەى رابردوو ئەمریکا رۆژانە پێنج ملیۆن و 396 هەزار بەرمیل نەوتى لە نۆ وڵاتەوە هاوردە کردووە، 632 هەزار بەرمیل نەوتى لە هەفتەى پێش خۆى کەمتر بووە.
 
لە سێ هەفتەى مانگى حوزەیران، عێراق 12 ملیۆن و 327 هەزار بەرمیل نەوتى هەناردەى ئەمریکا کردووە، هەفتەى رابردوو عێراق لە ریزبەندیى پێنجەم وڵات بووە لەڕووى زۆرترین هەناردەى نەوت بۆ ئەمریکا.
 
کەنەدا بە هەناردەکردنى 3.8 ملیۆن بەرمیل نەوتى رۆژانە لە ریزبەندیى یەکەمدایە، عەرەبستانى سعودیە 33 هەزار بەرمیل نەوتى لە عێراق کەمتر بۆ ئەمریکا هەناردە کردووە.
 
بەگوێرەى ئامارى سەنتەرى عێراقى سەربەخۆ بۆ توێژینەوە ئابوورییەکان، هەناردەى نەوتى عێراق بۆ ئەمریکا لە چارەکى یەکەمى ئەم ساڵ بەراورد بە چارەکی یەکەمی پار 30% کەمیکردووە.
 
بەگوێرەى ئامارەکە، لەو ماوەیەدا عێراق 20.5 ملیۆن بەرمیل نەوتى بۆ ئەمریکا هەناردە کردووە و داهاتەکەى 1.6 ملیار دۆلار بووە. تێکڕای نرخی نەوتەکەش 78.17 دۆلار بۆ یەک بەرمیل، بەڵام لە سێ مانگى یەکەمى ساڵى رابردوودا عێراق 29.35 ملیۆن بەرمیل نەوتى هەناردەى ئەمریکا کردووە و بەهاکەى 2.18 ملیار دۆلار بووە، تێکڕای نرخی نەوتەکەش 74.15 دۆلار بۆ یەک بەرمیل.