یەکێتیی وەبەرهێنانی کوردستان: شێوازی مۆڵەتدان بە پرۆژەی خانووبەرە، هەڕەمەکییە
رووداو دیجیتاڵ
زۆربوونی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و کەمبوونی کڕیاری عەرەب، ساڵ بە ساڵ بازاڕی مامەڵەکارانی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان بەرەو سستتر دەبات. یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان دەڵێت، "پێدانی وڵاتینامە بە کڕیاری موڵک لە تورکیا وایکردووە خەڵک بیر لە کڕینی موڵک لەو وڵاتە بکاتەوە."
گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستانیش بە رووداوی گوت، چەند هۆیەک لەپشت پاشەکشەکردنی بازاڕی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان هەن، دیارترینیان زۆربوونی مۆڵەتە بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و دابەشکردنی زەوییە.
کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون لە تورکیا و سپیکردنەوەی پارە
مەلا یاسین، گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان دەڵێت، "چەند هۆیەک لەپشت سستبوونی بازاڕی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان هەن و "ئەگەر چارەسەر نەکرێن، دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات."
هۆیەکان بە گوتەی مەلا یاسین ئەمانەن:
یەک: پێدانی وڵاتینامە لەلایەن تورکیاوە
تورکیا بڕیاریداوە مافی مانەوە یان وڵاتینامە بەو کەسانە بدات کە موڵک لە وڵاتەکە دەکڕن. هەر موڵکێک ئەگەر لە 400 هەزار دۆلار بۆ سەرەوەی پێبدرێت، خاوەنەکەی دەرفەتی زیاتری پێدەدرێت بۆ وەرگرتنی وڵاتینامەی تورکیا، بەڵام هەر کەسێک موڵکەکە بکڕێت، تاوەکو سێ ساڵ مافی فرۆشتنی نابێت.
دوو: پارە سپیکردنەوە
بەپێی قسەی مەلا یاسین، کڕینی موڵک باشترین رێگەیە بۆ سپیکردنەوە و دەڵێت، "تورکیا هیچ سانسۆری نییە بۆ ناردنی پارە بۆ وڵاتەکەی، بەو مەرجەی موڵکی پێ بکڕیت."
سێ: جێگیربوونی سوننەکانی عێراق
جێگیربوونی ژمارەیەکی زۆر لە سوننەکانی عێراق لەوێ هۆکارێکە. لە شوێنێکی وەکو یاڵۆڤا، 100 هەزار عێراقی تێدایە و دۆخەکە وای لێهاتووە ئێستا زیاتر لە شارێکی عێراقی دەچێت.
چوار: کڕین و فرۆشتن
بەشێک لەوانەی لە تورکیا موڵک دەکڕن، کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکەن، واتە بۆ قازانجیانە.
عێراقییەکان سێیەمین کڕیاری خانووبەرەن لە تورکیا
بەپێی ئامارێکی دەستەی ئاماری تورکیا، لە ساڵی 2022 و 2023، عێراقییەکان سێیەمین کڕیاری خانووبەرە بوون لەو وڵاتە.
ئاماری کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون لە تورکیا لە ساڵی 2022
یەکەم: رووسیا بە 16،312 یەکەی نیشتەجیبوون
دووەم: ئێران بە 8،223 یەکەی نیشتەجێبوون
سێیەم: عێراق بە 6،241 یەکەی نیشتەجێبوون
چوارەم: ئەڵمانیا بە 2،705 یەکەی نیشتەجێبوون
پێنجەم: کازاخستان بە 2،702 یەکەی نیشتەجێبوون
شەشەم: ئۆکراینا بە 2،574 یەکەی نیشتەجێبوون
ئاماری کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون لە تورکیا لە ساڵی 2023
یەکەم: رووسیا بە 10،560 یەکەی نیشتەجیبوون
دووەم: ئێران بە 4،272 یەکەی نیشتەجێبوون
سێیەم: عێراق بە 1917 یەکەی نیشتەجێبوون
چوارەم: ئۆکراینا بە 1720 یەکەی نیشتەجێبوون
پێنجەم: کازاخستان بە 1440 یەکەی نیشتەجێبوون
شەشەم: ئەڵمانیا بە 1363 یەکەی نیشتەجێبوون
%20ی کڕیارە عێراقییەکان لە تورکیا کوردن
گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان دەڵێت، هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان پشکی زۆریان لە کڕینی موڵک لە تورکیا بەردەکەوێت، "لە ساڵی 2022دا عێراقییەکان 125 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونیان لە تورکیادا هەبووە، کە 20%ی خاوەنەکانیان کورد بوون."
هەڤاڵ عومەر، زیاتر لە 15 ساڵە نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرەی هەیە لە هەولێر. ئەو پێی وایە، کورد تەنیا بۆ وڵاتینامە موڵک لە تورکیا ناکڕن، بەڵکو مامەڵەشی پێوە دەکەن.
"بەشێک لە خاوەن نووسینگەکانی خانووبەرە لە تورکیا کڕین و فرۆشتن دەکەن"
مەلا یاسین دەڵێت، "دوای کۆرۆنا نرخی یەکەی نیشتەجێبوون لە تورکیا 300% زیادی کرد، ئەوەش وایکرد کوردێکی زۆر بۆ قازانج بچنە تورکیا."
بە گوتەی ئەو، لە هەرێمی کوردستان، رێوشوێنی تایبەت بۆ ناردنە دەرەوەی پارە نەگیراوەتە بەر، "تۆ نیو ملیۆن دۆلار حەواڵە بکەیت بۆ تورکیا، بە نیو کاژێر دەگاتە شوێنی مەبەست."
کڕیاری عەرەب لە هەرێمی کوردستان دابەزیوە
گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان گلەیی لە سیاسەتی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان هەیە و داوای چارەکردنی گرفتەکانی کەرتەکە دەکات.
مەلا یاسین دەڵێت، "سیاسەتی خانووبەرە لە هەموو رووەکانەوە تەندروست نییە. شێوازی مۆڵەتدان کە بە نزیکەیی هەڕەمەکییە و زۆر خراپە. دابەشکردنی زەویش زۆر زیانی دەبێت. ئەگەر ئەو پلانەی حکومەت جێبەجێ بکرێت و زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکات، بازاڕی خانووبەرە زیاتر دەپووکێتەوە."
"پێدانی قەرز، کڕیاری عەرەبی لە هەرێمی کوردستان کەمکردووەتەوە"
مەلا یاسین هۆشداری لەبارەی دۆخەکەوە دەدات و دەڵێت، ئەگەر ئەم پاشەکشەیە و دابەشکردنی زەوی بەردەوام بن، بەتایبەت لەو شوێنانەی کە خزمەتگوزارییان لێیە، "گورزێکی کوشندە لە کەرتی خانووبەرە دەدرێت."
دەشڵێت، "ئێستا زۆرترین پرۆژە هەن و کڕیار کەمبوونەتەوە. وەکو جاران عەرەب نایەن، ئێستا لە عێراق دۆخەکە باش بووە و قەرزیش دەدرێت، بۆیە ئەوان لە شوێنی خۆیان یان لە وڵاتان دەکڕن."
کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان لەلایەن عەرەبی عێراقییەوە
بەپێی ئامارێکی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان کە بە رووداوی داوە، کڕیارانی عەرەب لە هەرێمی کوردستان کەمیان کردووە.
بەپێی ئەو ئامارە، ئێستا کڕیارانی عەرەب لە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان بەم رێژەیە:
3% دهۆک
13% هەولێر
10% سلێمانی