بەرهەمی ساڵانەی ماسی لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 6000 تۆنە

وێنەیەکی پڕۆژە نوێیەکەی بەرهەمهێنانی ماسی لە پارێزگای دهۆک

رووداود یجیتاڵ

بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سامانی نێوخۆی ماسی 6 بۆ 7 هەزار تۆنە و ئەوەی دەمێنێتەوە هاوردە دەکرێت. هەروەها باس لە پڕۆژەیەکی ماسی لە دهۆک دەکات و دەڵێت، بە تەواوبوونی؛ بەشی نێوخۆ بەرهەمی ماسی دەبێت و پێویست بە هاوردەکردن نامێنێت. 
 
رۆژی چوارشەممە، 1-2-2023، سیروان سەعید، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرهەمی ساڵانەی ماسی لە هەرێمی کوردستان 6 بۆ 7 هەزار تۆنە، بەڵام خواستی ساڵانە دەگاتە 12 هەزار تۆن، ئەوەی دەمێنێتەوە هاوردە دەکرێت، کە زۆرترینیشی لە ئێرانەوە دەهێندرێت".
 
ئێستا نرخی کیلۆیەک ماسی لە هەرێمی کوردستان بە نزیکەی 7 هەزار دینارە؛ بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "نرخەکە بەرزە و هۆکاریش ئەوەیە کە زۆرینەی ماسی هاوردەکراو لە ئێرانەوەیە و لەوێش نرخی بەرزبووەتەوە".
 
کاتی پێگەیشتنی ماسی لەنێوخۆدا مانگەکانی ئاب و ئەیلوولە؛ ئێستا کۆتایی فرۆشتنی بەرهەمی پێگەیشتووی ماسییە. زۆرترین ماسی لە هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بەرهەم دەهێندرێت، بەڵام بە گوتەی سیروان سەعید، پڕۆژەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی ماسی لە دهۆک لە دامەزراندندایە و بە تەواوبوونی پڕۆژەکە پێویستیان بە هاوردەکردن نامێنێت.
 
پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ماسی لە دهۆک گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمی ماسی دەبێت لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پڕۆژەکە لە قۆناخی یەكەمیدا دەتوانێت لە ساڵێکدا 21 ملیۆن پەنجە ماسی و هەزار و 200 تۆن گۆشتی ماسی بەرهەم بهێنێت؛ بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "بە تەواوبوون و بەتەواویی کارکردنی پڕۆژەکە، کە 65%ـی کارەکانی تەواو بووە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە هاوردەکردنی ماسی نامێنێت و بەشی نێوخۆ بەرهەممان دەبێت".
 
دوو جۆر پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی لە هەرێمی کوردستاندا هەن؛ ئەوانەی مۆڵەتی فەرمییان هەیە و ئەوانەی بێ مۆڵەتن؛ ئەوانەی مۆڵەتی فەرمیی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیان هەیە، زیاتر لە 400 پڕۆژەن و بەرهەمەکەیان ساڵانە زیاترە لە سێ هەزار و 200 تۆن، ئەوانەش مۆڵەتیان نییە بەرهەمەکەیان هێندەی ئەوانەیە کە مۆڵەتیان هەیە.